ئەمڕۆ دووشەم كۆبوونەوەیەكی وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەك دەوڵەتی پێوەندیدار بە دۆخی كەرتی غەزە لە ئیستەنبووڵ لە توركیا بەڕێوە چوو، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئیسرائیل پێشێلكردنی ئاگربەست بوەستێنێت و بزووتنەوەی حەماسیش ئامادەیە بۆ رادەستكردنی دەسەڵات لە كەرتی غەزە.
تا ئێستە ئەو ئاگربەستەی بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كەرتی غەزە لە مانگی رابردوو هاتە سەپاندن بەردەوامە و یەكەم قوناغی، كە بریتی بوو لە وەستانی شەڕ و ئاڵوگۆڕكردنی بارمتە و گیراوەكان و هاتنی یارمەتییە مرۆییەكان بە سەركەوتووی بەڕێوە چوو و چاوەڕوانی دەست پێكردنی گفتوگۆكانی دەست پێكردنی دووەم قۆناغن، لە پاشەكشەی ئیسرائیل و چەكدانانی حەماسە، ئەوەش وەك شارەزایان دەڵێن زەحمەتە.
لە دوای كۆبوونەوەكەی
ئیستەنبووڵ لەبارەی غەزە، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی، حەماس ئامادەیی خۆی بۆ رادەستكردنی دەسەڵات لە غەزە بۆ لیژنەیەكی فەلەستینی دەربڕیوە، ئاشكرای كرد كە چەند كێشە و سەختییەك لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست هەیە و پێویستە ئیسرائیل لە پێشێلكردنی رێككەوتنەكە بوەستێت و رێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بدات.
فیدان لە دوای كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی توركیا و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و ئوردن و ئیندۆنۆسیا و پاكستان گوتی، وڵاتانی پێوەندیدار بڕیاری خۆیان لەبارەی بەشداریكردنی سوپاكانیان لەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە غەزە بڵاو دەكرێتەوە و گفتوگۆكان بۆ رەوانەكردنی هێزەكە بۆ غەزە بەردەوامە.