ئەگەرچی بۆ هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق كێبەركێی توند لە نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان هەیە، بەڵام كێبەركێیەكی ژێر بەژێری لە نێوان ئەمەریكا و ئێرانیش هەیە، هەریەكەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق گوشار دەكات، شارەزایان ئاماژە بۆ گۆڕانكاری بە ئاراستەی زیادبوونی هەژموونی ئەمەریكا لەسەر حسێبی ئێران دەكەن.
	
زافر عانی پەرلەمانتاری پێشووی سوننە و  كاندیدی حزبی تەقەدوم پێی وایە لە رووی كاریگەریی دەرەكییەوە پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی عێراق جیاواز دەبێت و دەڵێت، ئیسماعیل قائانی قاسم سلێمانی نییە و سلێمانییەكی تر لە عێراق دروست نابێت، حكوومەتەكانی پێشووی عێراق لەژێر كاریگەرییەكی گەورەی ئێران و رۆڵێكی كەمتری ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی دروست بوون، لەگەڵ ئامادەبوونی نەجەف، واتە مەرجەعیەتی عەلی سیستانی لە ساتە هەستیارەكاندا.   
 
	
روونی كردەوە، بەڵام ئەوجارە ئەمەریكا رۆڵێكی گەورەتر و رۆڵێكی دیاری نەجەف لە پێكهێنانی حكوومەتەكە دەبێت، بەرانبەر بە رۆڵێكی لاوازی ئێران، چونكە ئێرانی ئەمڕۆ وەك ئەوەی بەر لە شەڕی غەزە نییە، ئێستە لە دوای شەڕی 13ی حوزەیران خۆی وەك ئاشتیخواز پێشان دەدات، بۆیە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نابێت، ئەوەش كارێكی باشە بۆ شیعە و سوننە و كوردیش.
	
عانی دووپاتی كردەوە، هاوكات رۆڵی عەرەبی و توركی هی ئەوانیش زۆر كەم دەبێت، ئەمەریكا رێگەی هاندان بۆ نەهێشتنی میلیشیاكان دەگرێتە بەر، پێشم وایە زۆرێك لە عاقڵەكان وەڵامیان بۆ ئەو رێگەیە دەبێت، هاوكات هیوام وایە بە رێگەی دووەم نەگەین كە لەسەر پێداگری بنیات نراوە، واتە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریكا، قسەكەشم بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكانە.