پلانی نوێی ئێران بۆ میلیشیاكانی لە عێراق چییە؟

:: PM:07:11:04/11/2025 ‌

لە ماوەی رابردوو جموجۆڵێكی چالاكی ئەمەریكا و ئێران بە ئاراستەی عێراق هەبوو، ئەوە هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوكاتەی ئەمەریكا گوشار لە حكوومەتی عێراق بە ئاراستەی داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران و هەڵوەشاندنەوە و دوورخستنەوەیان لە كاری سیاسی و دەسەڵات و پەرلەمان دەكات، ئێران خەریكی رێكخستنەوەی ناوماڵی شیعە و ئەوانە، رۆژنامەیەك ئاماژە بۆ خواستی ئێران بۆ كنرۆڵكردنی بێدەنگی عێراق دەكات.

رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی باسی ستراتیجیەتێكی نوێی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق بێ شەڕ دەكات، ستراتیجیەتەكە بە ناوی "رێگەی دووسەرە"، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ فرەوانكردنی كۆنترۆڵی ئێران بۆ عێراق، بەتایبەتی لە دوای زیادبوونی گوشارەكانی رۆژئاوا بۆ سەر دەسترۆیشتوویی و هەژموونی ئێران لە ناوچەكە و ئاگربەستی لەرزۆك لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا. 

رۆژنامەكە روونی كردەوە، وەك جێبەجێكردنی ستراتیجیەتەكە، سوپای پاسدارانی ئێران كەناڵی پێوەندیی نافەرمی لەگەڵ ژمارەیەك میلیشیای شیعە لە عێراق كردووەتەوە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی چەند سیناریۆیەك، لەوانە گۆڕانی ژمارەیەك لە گرووپە شیعەكان لە چالاكیی موقاوەمەت بۆ بەشداری تەواو سیاسی، سوپای پاسداران دەیەوێ ئەو برۆسە بە رابەرایەتیی دەموچاوی نوێ بێت كە لە لایەن عێراقییەكان قبووڵكراو بن. 

"مەعاریف"، ئاماژە دەكات، هاوكات بەغداش گوشار لە میلیشیا شیعەكان بۆ كەمكردنەوەی چالاكییە چەكدارەكانیان دەكات، لە بەرانبەر رەخساندنی بواری فرەوانتری كاری سیاسی، بەڵام هێشتا ئەو هاوسەنگییە بەهۆی نەبوونی متمانە لە نێوانیان و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ئێران لاوازە، ئاشكرای كرد كە ئامانجی ئێران لەو ستراتیجیەتە جێگیركردنی دەسەڵات و هەژموونێكی بەردەوام كەمتر تێچوو و نادیارترە لەناو دامەزراوەكانی عێراق و شاردنەوەی خۆی وەك دەوڵەتێكی دەرەكی دەست لە كارەكانی عێراق وەردەدات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل