ئەمساڵ عێراق بێ بودجە بوو، كاتێك لەبەر هۆكاری رانەگەیەندراو وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق خشتە داراییەكانیان رەوانەی پەرلەمان نەكرد بۆ پەسندكردنیان وەك باسای بودجەی ئەمساڵ و بەركاربوونی، شارەزایەكی ئابووری وریایی لە كۆتاهاتنی ساڵی دارایی بێ بودجە دەدات، بەوەی دەبێتە هۆی پەككەوتنی پڕۆژەكان و وەبەرهێنان و نەمانی خزمەتگوزاری.
ئەحمەد تەمیمی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، پەسندنەكردنی بودجە دەبێتە رێگر لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت و پڕۆژە گرنگەكان لە كەرتە جیاوازەكان دەوەستێنێت و وا دەكات وەزارەتەكان بە شێوەیەكی كاتی و سنووردار كار بكەن، بێ دەست پێكردنی پڕۆژەی نوێ یان تەواوكردنی ئەوانەی وەستاون.
ئەو شارەزایە گوتی، لەو ناوەدا پارێزگاكان بەهۆی راگرتنی خەرجكردنی پارە زەرەرمەندی گەورەن، كە رەنگدانەوەی لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دابینكردنی هەلی كار دەبێت و دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەشداریی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ناوخۆیی، بۆیە ژینگەی ئابووری لە عێراق پاشەكشە دەكات لەبارەی متمانەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بەهۆی نەبوونی دیدێكی روونی داراییەوە.
تەمیمی دووپاتی كردەوە، بەردەوامبوونی دۆخەكە وەك ئێستە كێشەی مەترسیدار بۆ پابەندییەكان و كار و ئەركی دەوڵەت دروست دەكات، بەتایبەتی پێوەست بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی و پاڵپشتیی حكوومەت بۆ پسووڵەی خۆراك و هیترش، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كورتهێنانی دارایی و بەرزبوونەوەی گوشار لەسەر یەدەگی دراو، بۆیە پێویستە بەپەلە كار بۆ پەسندكردنی بودجە و گەیشتن بە سەقامگیریی دارایی بكرێت بەر لە فرەوانبوونی بازنەی تەنگژە ئابوورییەكان.