راپۆرتەكان: هێزەكانی توركیا بۆ 10 ساڵی تر لە عێراق دەمێننەوە

:: PM:08:48:04/11/2025 ‌

یەكشەمی رابردوو لە میانی سەردانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق لەگەڵ فوئاد حوسێنی هاوتا عێراقییەكەی بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی رێككەوتنێكی مێژووییان، وەك خۆیان وەسفیان كرد، بۆ رێكخستنەوەی دۆسیەی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كرد، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن لەبەرانبەر ئاو، عێراق چەندان سازشی بۆ توركیا كردووە، لەوانە چاوپۆشین لە ماوەی سوپای توركیا لە ناو خاكەكەی.

لەوكاتەی سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن لە بەرانبەر رێككەوتن لەسەر ئاو، عێراق چەندان سازشی گەورەی بۆ توركیا كردووە، لەوانە لە بواری ئاسایش و سەربازی و نەوت و قەرزەكان و زیادكردنی ئاستی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە نێوانیان، ئەگەرچی حكوومەتی عێراق ئەوانە رەت دەكاتەوە، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن سوودانی بۆ چەند مەبەستێك ئەو كارەی كردووە. 

هەندێك لە هێزە شیعەكان سوودانی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی دووەم ماوەی سەرۆك وەزیران مەرایی بۆ توركیا دەكات، موختار مووسەوی ئەندامی رێكخراوی بەدر دەڵێت، سوودانی چەند جارێك سەردانی توركیای كردووە و پێی نەگوتین لەوێ چی كردووە. 

ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی دەڵێت، جموجۆڵەكانی حكوومەتی سوودانی بە ئاراستەی توركیا رەهەندی ئابووری بەسەردا زاڵە، دۆسیەی ئاو تەوەرێكی سەرەكییە، چونكە پێوەستە بەو پڕۆژەی پەرەپێدانی باسی دەكات، كەمی ئاو تەنگژەیەكی گەورە لە عێراق دروست دەكات و كار لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی كارەباش دەكات.

ئەو توێژەرە پێی وایە توركیا هاوپەیمانی ئەمەریكایە و سوودانی پێی وایە پێویستە رۆڵی ئێران بە توركیا بگۆڕێت، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و تەناهیش، وەك ئەوەی لە سووریا رووی دا، بەڵام بە قووڵاییەكی كەمتر، توركیاش سوود لەوە دەبینێت بۆ فرەوانكردنی دەسەڵاتی لە عێراق، كە رێگەی پێ دەدرێت بۆ شوێنگرتنەوەی سنوورداری ئێران، دەستوەردانی تەناهی و سەربازیی توركیا لە عێراق بۆ پاراستنی بوون و دەسەڵاتی خۆیەتی لە سووریا و لە عێراقیش.  

راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن بەپێی رێككەوتنی نوێی نێوان ئەنقەرە و بەغدا رێگە بە توركیا دەدرێت بۆ مانەوەی سەربازی لە عێراق بۆ 10 ساڵ، وەك تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی باسی كردووە، لەوكاتەی ژمارەی سەربازانی توركیا لە عێراق حەوت هەزار سەربازن و تا قووڵایی 100 كیلۆمەتر لەناو خاكی عێراقن و خاوەن 136 سەربازگەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل