ئەمڕۆ سێشەم تەقینەوەیەك لە بارەگەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا رووی دا و بەو هۆیەوە كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، ئەمشەو دەستەی حەشدی شەعبی كوژرانی سێ كارمەندی خۆی لەو تەقینەوەیە راگەیاند و بە شەهیدی ناساندن.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی ناو بارەگەی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری بەغدا بۆ سێ كوژراو بەرز بووەتەوە، بەپێی سەرچاوەكە تەقینەوەكە لە بارەگەكە رووی داوە كە بریتی بووە لە كارگەیەكی لێكهەڵوەشاندنەوەی پاشماوەی تەقەمەنی و كەرەستەی شەڕوانی، ئەوان لە كاتی لێكهەڵوەشاندنەوەی پاشماوەی سەربازی، تەقینەوە رووی داوە سێ كارمەندی حەشد كوژراون و حەوت خانووش زیانیان بەر كەوتووە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك كوژرانی سێ كارمەندی خۆی بە ناوەكانی مورتەزا دەراجی و محەمەد موتێری و وەعد میعماری لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بارەگەیەكی لە ناوچەی جورف نداف لە بەغدا راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە تەقینەوەكە بەهۆی پاشماوەی تەقەمەنییەكانی داعش بووە لە ناو بارەگەكە.
لەوكاتەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە سەر بە یەكەی پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنین لە حەشدی شەعبی و تەقینەوەكە بەهۆی پاشماوەی تەقەمەنیی داعش بووە، كەناڵی "وەن نیوز"ی عێراقی هەندێك ڤیدیۆی بڵاو كردەوە و گوتی، بە گوێرەی شایەتحاڵەكان تەقینەوەكە بەهۆی بۆردمانی بارەگەكەی حەشدی شەعبی بووە.
لای خۆیانەوە كەناڵەكانی "عەرەبیە" و "حەدەس"، باسیان لەوە كرد كە لە نێوان تەقینەوە و بۆردمان گومان هەیە.