سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) ڕای دەگەیەنێت، "ئەوانەی شانازییان بە سزادانی دەمیرتاشەوە دەكرد، دەبێت داوای لێبوردن بكەن"، دەشڵێت، "ڕاشكاوانە دەیڵێم ئێمە داوای لێبوردن دەكەین".
ئەم گوتانەی ئۆزگور ئۆزەل لە كاتێكدایە، ساڵی 2016 بەشێك لە پەرلەمانتارانی جەهەپە، پشتگیریی لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە كرد كە ئەوە بووە زەوینەسازییەك بۆ گرتنیان.
سەرۆكی جەهەپە ئەوەی بەبیر هێنایەوە و گوتی: "ئێمەش داوای لێبوردن قەرزدارین. هەرچەندە لەو كاتەدا 100 لە 120 پەرلەمانتاری جەهەپە دژی ئەوە دەنگیان دا، بەڵام 20 بۆ 25 پەرلەمانتاری جەهەپەش دەنگیان دا و ئەوەش هەڵە بوو. بۆیە وەك سەرۆكی ئێستەی پارتەكە، لە بەردەم مێژوودا داوای لێبوردن لە هەموو توركیا و گەلی توركیا دەكەم بۆ ئەو هەڵەیەی ئەو كاتە، هەروەها زۆر سوپاسی دەمیرتاش دەكەم.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) لە كۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانیی حزبەكەیدا ڕای گەیاند، "داواكارییەك بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش پێشكەش كراوە، دەوڵەت باخچەلیش گوتوویەتی، ئازادكردنی دەبێتە مایەی خێر و سوودی بۆ توركیا دەبێت".
ئۆزەل پرسیاری ئەوەشی كرد، "باشە ئەوانەی دوێنێ شانازییان بەزیندانیكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغەوە دەكرد، ئەوانەی شانازییان بەهێشتنەوەی عوسمان كاڤالا لەناو زیندان دەكرد، ئەگەر بڵێن ئەمڕۆ ئەمە باشترین شتە، پێویست نییە داوای لێبوردنیان لێ بكەن؟
قسەكانی ئۆزەل دوای ئەوە هات كە دەوڵەت باخچەلی، داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كرد و گوتی، دەبێتە مایەی خێر بۆ توركیا.
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆسەی ئاشتیی نێوان توركیا و پەكەكە، پرسی ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاتووەتە بەرباس، كە لە ساڵی 2016وە لە گرتووخانەدایە.
هەریەكە لە مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان و جەهەپەی پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن، پشتیوانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكەن، ئەوەش لە پێشهاتێكی نوێدا كە هیواكانی بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش زیاتر كردووە.