تسۆركۆڤ: میلیشیاكان ئازاری زۆریان داوم

:: PM:06:51:05/11/2025 ‌

دوای ئازادكردنی لە لایەنی میلیشیا شیعەكانەوە، ئیلیزابێس تسۆركۆڤ كچەتوێژەرە ئیسرائیلییە بە رەگەز رووسییەكەی زیاتر لە دوو ساڵ لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقییەوە لە بەغدا رفێنرابوو، دۆخی خۆی لە كاتی گرتنی باس دەكات و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك رووناكی خۆری نەبینیوە و دووچاری ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و هەڕەشەی كاری سێكسی بووەتەوە. 

تسۆركۆڤ چیڕۆكی گرتنی لە عێراق بۆ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باس دەكات كە چۆن لە رابردوو پێوەندیی لەگەڵ هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل هەبووە دەڵێت، لە ناوچەیەكی نزیك سنوورەكانی ئێران دەستبەسەر كرابووم، ئەوان دەستیان بەستمەوە و بە سەقفی ژوورەكە هەڵیان واسیم و تا لەهۆشخۆچوون لێیان دام، بە تەزووی كارەبا لێیان دام، ئەوكاتانەی لەهۆش خۆم دەچووم بە ئاو بەئاگایان دەهێنامەوە.

رۆژنامەكە باسی ئەوە دەكات كە ئەو دۆخەی تسۆركۆڤ لە مانگەكانی سەرەتای گرتنی بووە، ئەویان لە زیندانێكی تاكەكەسی بەند كردووە و لێیان داوە و دەستدرێژییان كردووەتە سەری، بێ ئەوەی ئاستی دەستدرێژییەكە دیاری بكات، لە هەموو لەشیان داوە و وەك كیسی مشتەكۆڵە مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە، سەرەتا ئەویان نەناسیوە و بۆ بەدەستهێنانی پارە ئەویان رفاندووە، بەڵام كە ئیسرائیل رفاندنی راگەیاندووە، گرنگیان پێی داوە بۆ گۆڕینەوەی، سەرەتای گرتنی ئەو فریو دراوە و تەڵەی بۆ دانراوەتەوە، لە لایەن ئۆتۆمبێلێكی رەنگ رەش رفێنراوە و براوەتە خانووێك و ماوەی چوار مانگ و نیو لەوێ ماوەتەوە و دوای ئەوە بۆ شوێنێكی تر گوازراوەتەوە و دۆخی و مامەڵەكردن لەگەڵی باشتر بووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل