سیناریۆكانی كردنەئامانجی ئیسرائیل بۆ میلیشیاكان چین؟

:: PM:07:27:05/11/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی عێراق و زیادبوونی هەڕەشە و گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حكوومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، راپۆرتەكانی باسی ئەگەری هێرشێكی كتوپڕی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیا شیعەكان دەكەن، بەڵام سیناریۆ گریمانكراوەكان بۆ ئەو كارەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی میلیشیاكان چییە؟

راپۆرتە رۆژئاواییەكان باسی ئەوە دەكەن بەهۆی گرنگیی پێگەی عێراق و بوونی بە دەروازەی گەیاندنی پاڵپشتیی لۆجیستیی ئێران بۆ حزبوڵای لبنانی و سووریا، ئیسرائیل گرنگی بە عێراق دەدات، بۆیەش بە نیازە وەك بەرپەرچدانەوە گورزێك لە میلیشیا شیعەكانی ئەو وڵاتە بوەشێنێت، بەتایبەتی لە ئەگەری بەشداریكردنیان لە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران و ئامادەكردنیان لە لایەن ئێرانەوە وەك ئامرازێكی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە داهاتوودا، بەتایبەتی لە دەوای سەردانی دوایی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا.

لەوبارەوە سەرچاوە عێراقییەكان پێشبینیی سێ سیناریۆ بۆ هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاكان دەكەن، یەكەمیان وەشاندنی گورزی پێشوەختە و دووبارەبووەوە بەر لە هێرشكردنە سەر تاران، بۆ پچڕاندنی زنجیرەی لۆجیستی نێوانیان، دووەم وەشاندنی كورز لە میلیشیاكان لە دوای هێرشكردنە سەر تاران، واتە وەك قۆناغی دوای شەڕەكە، سێیەم جیاكردنەوەی كردنەئامانجی میلیشیاكان و ئێران، واتە وەشاندنی گورزێك لە میلیشیاكان بێ كردنەوەی بەرەیەكی فرەوانی شەڕ لەگەڵ ئێران، وەك رێوشوێنێكی بەپەلەی تەكنیكی. 

بەپێی سەرچاوەكە ئەگەری زیاترە ئیسرائیل سیناریۆی سێیەم هەڵبژێرێت، واتە وەشاندنی گورزێكی كتوپڕ و كورت لە دژی میلیشیاكان وەك بەرپەرچدانەوەیەكی راستەوخۆ، لەگەڵ كەمترین شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەگەر ئیسرائیلیش ئەو كارە بكات، پێشبینی دەكرێت وەڵامدانەوەی میلیشیاكان سنووردار بێت، چونكە نایانەوێ بچنە ناو شەڕێكی فرەوان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا كە باجەكەی گەورەیە و رەنگە تەنیا بە مووشەك و درۆن هێرشی زیاتر بۆ راگەیاندن و ناو بكەنە سەر بنكەی سەربازییەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق و سووریا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل