هەفتەی رابردوو هێزەكانی پاڵپشتیی خێرا توانیان كۆنترۆڵی شاری فاشر لە سوودان بكەن و لەژێر چنگی سوپای سوودانی بێننە دەرەوە، رەنگە ئەوە شتێكی ئاسایی بێت لە شەڕێك كە لە نیسانی 2023ەوە لەو وڵاتە بەسەختی بەردەوامە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەو رەشەكوژی و دەستدرێژی بە كۆمەڵی سێكسییە كە لەو شارە كراوە، جیا لە سەتان دیمەن و چیڕۆكی قێزەون كە شایەتحاڵەكان دەیگێڕنەوە.
لە فاشر كوشتارێكی زۆر كرا و تۆمارە ڤیدیۆییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە، بە پێی وێنەی مانگە دەستكردەكان تا ئێستەش تەرمەكان لە گۆڕی بەكۆمەڵ دەنێژرێن، كەچی مۆتەكەی ئەوەی بەسەر كچ و ژنانی ئەو شارە هات لە یادەوەری ئەوانەی رزگاریان بووە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، كە سەرەڕای لێدان و دەستدرێژیكردنە سەریان بەكۆمەڵ و لەسەر شەقامەكان، ئەوان لە بەرانبەر دانی پارەیەكی زۆر رێگەی هەڵاتنیان لەو شارە پێ دراوە.
ئەمیرە ژنێكی سوودانییە لە فاشر باسی دیمەنەكان دەكات كە بە چاوی خۆی بینویەتی، چۆن هەموو جۆرە توندوتیژییەكی جەستەیی و دەروونی و سێكسی و برسیەتی و ترس و تۆقینی بینیوە، ئەو دەڵێت دەستدرێژیكردنەكە بەكۆمەڵ و لەبەر چاوی خەڵك بووە و كەس نیتوانیوە بیانوەستێنێت، جیا لە دەستدرێژی لێدانی زۆری لەگەڵ بووە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، خاوەنی چوار منداڵم و پێنج كەس بووین، پێنج ملیار جونەی سوودانیم بە چەكدارەكان دا تا بتوانم هەڵبێم، لەكاتی دەستبەسەرگرتنم لە شاری كورما لە باكوری رۆژئاوای فاشر، واتە بەر لە هەڵاتنی، شەوانە لە كاتی خەوتن چەكدارەكان دەهاتن و دەسترێژییان دەكردە سەر ئێمە، كەس نەیدەتوانی قسە بكات، ئەوەشی پارەی سەرانەی نەبووایە، تەواوی ئەوەی هەیبا دەیانبرد یان كچەكانیان بۆ دەستدرێژیكردنە سەریان دەبرد، پیاوێك هەبوو نەیتوانی پارە بدات، دوو كچەكەیان برد، كاتێك لە شارەكە رزگارمان بوو، دوای دوو رۆژ بێ نان و ئاو، شەقامەكان پڕ بوون لە تەرم و دەبوایە بەسەر تەرم باز بدەیت بۆ ئەوەی نەوەستیت و بڕۆیت، ئەوان خەڵكیان بە گولە و چەقۆ دەكوشت، تا ئێستەش ئەو دیمەنانە راوەدووم دەنێن و بە بیری ئەوانەوە شەوانە خەبەرم دەبێتەوە.