عێراق كە یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا، بە دەست دەیان تەنگژەی قووڵەوە دەناڵێنێت، شارەزایان هۆكارەكەی بۆ گەندەڵی و بێتوانایی و بێپلانیی حكوومەتەكەی دەگەڕێننەوە، پەرلەمانتارێكی عێراقی ئاماژە دەكات كە وڵات بەرەو كارەساتێكی ژینگەی و ئاوی هەنگاو دەنێت.
هادی سەلامی پەرلەمانتاری سەربەخۆ ەڵێت، بۆشاییەكی ستراتیجی لە ئیدارەدانی دۆسیەی ئاو لە عێراق هەیە و ئەوەش مەترسیدارە، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو رەوتەی كاری ئێستە بەرەو تەنگژەیەكی ژینگەیی و تەندروستیمان دەبات، ئەوەش لە سایەی نەبوونی سیاسەتێكی روونی ئاوی لە لایەن بەغدا و پابەندی رژ لە لایەن ئەنقەرەوە.
روونی كردەوە، ئاستی پیسبوون لە رووبارەكانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو پشتگوێخستنەی لە ساڵانی رابردوو هەبووە، وێستگەكانی چارەسەركردن پەكیان كەوتووە و خۆرزگاركردن و چارەسەركردنی رێكوپێكی پاشماوەی پزیشكی و پیشەسازی نییە، ئاوەڕۆكان بێ چاودێرین، هەموو ئەو هۆكارانە بوونەتە هۆی ئەوەی بۆرییەكانی مەجرا و ئاوەڕۆ ببنە سەرچاوەی پیسبوون و هەڕەشە بخەنە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
سەلامی پێی وایە عێراق بەدەست نەبوونی پلانێكی نیشتمانیی تۆكمە بۆ ئیدارەدانی سەرچاوەی ئاو و رێگرتن لە پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنێت، لەوكاتەی وریاكردنەوەی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەوبارەی رەنگدانەوە مەترسیدارەكانی ئەو دۆخە بۆ سەر ئاسایشی خۆراك و تەندروستیی وڵات لە كاتی بەردەوامی ئەو پشتگوێخستنەوەی هەیە لە پەرەسەندندایە.