بۆچی سوودانی ئامادەی كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نابێت؟

:: PM:05:15:06/11/2025 ‌

ماوەیەكە تێبینیی ئەوە كراوە كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە نابێت، لەو كاتەی حكوومەتەكەی لە لایەن ئەو چوارچێوەیەوە دامەزراوە و بڕیارە گرنگەكانی حكوومەتەكەی لەو كۆبوونەوانە دەدرێت، بەتایبەتی لە كۆبوونەوەی دوایی كە بەهۆی هەڵبژاردن و هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان گرنگترینیانە. 

جاسم حەریری مامۆستای زانستە سیاسییەكان دەڵێت، ئامادەنەبوونی سوودانی لەو كۆبوونەوانە ناتوانرێت تەنیا بە بابەتێكی پرۆتۆكۆلی دابنرێت، بەڵكو مانای قووڵی سیاسی هەیە، بەتایبەتی لە سایەی پەرەسەندنی چەند بابەتێكی گرنگ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر عێراق هەیە. 

روونی كردەوە، ئەو ئامادەنەبوونە بەرجەستەی خواستی سوودانی دەكات بۆ دووپاتكردنەوەی سەربەخۆیی بڕیاری حكوومەتەكەی لە كاریگەریی هێزە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی وێنەی دەوڵەتێك كە دامەزراوەكان بەڕێوەی دەبەن نەك هێزە سیاسییەكان، هەروەها ناكۆكیی ژێراوژێری ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دەسەڵات و چاكسازییەكان رەهەندێكی تری ئەو ئامادەنەبوونەیە.

حەریری ئاماژەی كرد، سوودانی هەوڵی هاوسەنگكردن لە نێوان گوشارە ناوخۆییەكان و ئاڵنگارییەكانی دەرەوە دەدات، ئەوەش لە كاتێك عێراق رووبەڕووی چەند دۆسیەیەكی ئاڵۆز بووەتەوە پێوەست بە دۆخی تەناهی و وزە و پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە لەوكاتەی هێزەكانی ناو چوارچێوە دەیانەوێ سوودانی نزیك لەوان بێت، ئەو هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەك سەركردەیەكی دەوڵەتمەدار قایم بكات، نەك وەك رووكەشی حزبێك یان رەوتێك، دووپاتی كردەوە كە لێكدووركەوتنەوەی سوودانی و هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ لێكگەیشتنێكی روون، رەنگە لە قۆناغی داهاتوو كێشەی گەورە بۆ حكوومەت دروست بكات، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی داواكاری جەماوەری و سیاسی بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە و گەیشتن بە سەقامگیری راستەقینەی سیاسی و ئابووری. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل