ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر باشووری لبنان

:: PM:05:33:06/11/2025 ‌

سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە دەستی بە ئەنجامدامی زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێكی حزبوڵای لبنانی لە باشووری لبنان كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەك دانیشتووانی گوندێكی لە باشووری لبنان وریا كردەوە بەوەی بەمنزیكانە هێرش دەكاتە سەر ئامانجەكانی حزبوڵا لەوێ و پێویستە ناوچەكە چۆڵ بكەن.

ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا دانیشتووانی گوندی عیتا جەبەلی لە باشووری لبنان بەپەلە وریا كردەوە بەوەی لە ماوەیەكی نزیك هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر ئامانجە سەربازییەكانی حزبوڵا لە ناوچەكە و پێویستە ئەوان دوور بكەونەوە، مەبەستی هێرشەكەشی بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ هەوڵەكانی حزبوڵا بۆ خۆرێكخستنەوە و دەستكردنەوە بە چالاكییە سەربازییەكان لە ناوچەكە.  

هێرشەكەی ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی لبنان لە كۆشكی كۆماری لبنان بە ئامادەبوونی جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان و نەواف سەلام سەرۆك وەزیران، كە تیایدا بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و داماڵینی چەكی حزبوڵا دێتە باسكردن و سەركردایەتیی سوپای لبنان راپۆرتی خۆی لەوبارەوە دەخاتە روو.

ئەوە لەوكاتەی بەم دواییە سەرۆكی لبنان رای گەیاند كە جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل هیچ بژارەیەكی تر لەبەردەم وڵاتەكەی نییە، لەوكاتەی حزبوڵای لبنانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و دانانی چەك رەت دەكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل