هەسەدە: گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبن

:: PM:06:02:06/11/2025 ‌

لە دوای واژووكردنی رێككەوتنی دیمەشق لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكوومەتی نوێی سووریا لە 10ی ئاداری رابردوو، تا ئێستە گفتوگۆكانی هەردوولا بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەردەوامە و ئەوان شتێكی وایان لە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكردووە، بەرپرسێكی هەسەدە دووپاتی دەكاتەوە كە ناكۆكیان لەگەڵ دیمەشق هەیە و گفتوگۆكان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبن.

سیپان حەمۆ فەرماندەیەكی هەسەدەیە لە دیدارێكی رۆژنامەوانی دەڵێت، گفتوگۆكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە دۆخێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی رژد بەرەو یەكخستنەوەی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەردوولا نەنراوە، دووپاتی كردەوە كە بەتەواوەتی بە رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق پابەندین و هەسەدە پێی وایە خۆیەكخستنەوەی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بژارەیەكی ستراتیجی و ئامانجێكی سەرەكییە بۆ سەركردایەتییەكەی.  

ئەو سەركردەی هەسەدە ئاماژەی كرد، كڕۆكی ناكۆكییەكانی نێوان هەسەدە و حكوومەتی دیمەشق بریتییە لە جیاوازیِ لە تێگەیشتن و سەیركردنی بابەتی خۆیەكخستنەوە و هاوبەشی، هاوكات بەیەكەوەبەستنەوەی هەردوو بابەتی یەكخستنەوە و داماڵینی چەك لەگەڵ وادەیەكی كاتی، هەڵەیە، ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا لایەنی سەركییە لە پرۆسەی گفتوگۆ لە نێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریا، لەبارەی ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە نێوان هەردوولا دووپاتی لەوە كردەوە كە هەسەدە خۆی بۆ هەموو سیناریۆكان ئامادە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل