ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییە 12 رۆژییەكەی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بەسەر ئێران هات كەم نەبوو، تەواوی ئامانج و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و داتا و زانیارییە گشتی و كەسییەكانی بەدەست ئیسرائیلەوە بوون، ئیسرائیل ئەوەی ویستی ئەنجامی دا بێ ئەوەی زیانێكی ئەتۆی بەر بكەوێت، ئەوەش وای كرد ئێران دووپاتی بكاتەوە كە زۆرینەی دەزگە هەواڵگرییەكان لە دژی ئەو كاریان كردووە، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، تاران متمانە بە هیچ دەوڵەتێك ناكات.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەم
عەباس عێراقچی لە دیداری ژمارەیەك قوتابیی زانكۆ لە شاری هەمەدان گوتی، تاران متمانە بە هیچ دەوڵەتێك ناكات، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گەلی ئێران لە گفتوگۆكردن بەردەوامین، شەڕی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی رابردوو قوتابخانەیەكی گەورە بوو و توانا سەربازی و زانستییەكانی ئێرانی ئاشكرا كرد، مووشەكەكانی ئێران كاریگەریی خۆیان لە گۆڕەپانی راستەقینەی شەڕ سەلماند و توانیان سیستمەكانی بەرگری ببەزێنن و بە وردی ئامانجەكانیان بپێكن، ئەوە سەرەڕای پاڵپشتیی ئەمەریكا و ئەوروپا بۆ ئیسرائیل.
ئاماژەی كرد، ئەو شەڕە ئەو راستییەی دەرخست كە لە سایەی سیستمێكی نێودەوڵەتی كە یاسای جەنگەڵ بەسەریدا زاڵە، تەنیا هێز گەرەنتیی مانەوەیە، ئێمە لە گفتوگۆكردن و لە شەڕیش ناترسین، گرنگ ئەوەی پارێزگاری لە سەربەرزیی نیشتمانیی خۆمان بكەین، ئێمە متمانە بە هیچ دەوڵەتێك ناكەین، بەڵام هاوبەشی ستراتیجی بنیاتنراو لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ رووسیا و چین لە چوارچێوەی رێككەوتنی روون هەیە و لەسەر ئەو بنەمایانەش لەو هاوكارییە بەردەوام دەبین، لە سەرەتا و كۆتاییش پشتمان بە گەلی خۆمان بەستووە.