لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بەرەی موقاوەمەت و ئێران گورزی كاریگەریان لە لایەن ئیسرائیلەوە بەر كەوت، لەو شەڕەی ئەمەریكا بە تەواوەتی پاڵپشتی لە ئیسرائیل كرد و لەو ساتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هات، ئەو گۆڕانكارییەی ئێرانییەكان پێیان وایە سیاسەتی ئێرانیش بەهۆیەوە گۆڕاوە بۆ خۆگونجان لەگەڵیدا.
حوسێن جابری ئەنساری راوێژكار لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری ئاژانسی "ئێرنا"، دەڵێت، لە دوای رووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر، سروشتی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە گۆڕا و پێویستە تاران بە واقیعیانە و دیدێكی سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەدا بكات، گۆڕانكارییەكان، بەتایبەتی لە لبنان و سووریا، كاریگەریی ئاشكرایان لەسەر هێزی ئێران لە ناوچەكە هەبوو، هەندێك لایەنی ئەو دەسەڵاتە لە چەند بوارێك پاشەكشەیان كرد و لە بواری تر بەهێزتر بوون، لەوانە هێزی نەرم و كاریگەریی سیاسی.
ئاماژەی كرد، رێگەی راست ئەوە نییە تۆ نكووڵی لە راستییەكان بكەیت، بەڵكو دەبێت عاقڵانە ئیدارەیان بدەیت، چونكە هەر سیاسەتێكی سەركەوتوو پێویستە لەسەر خوێندنەوەیەكی وردی دۆخەكە بنیات بنرێت، بۆیە پێویستە بۆ پاراستنی هێزی ناوخۆیی و ناوچەیی ئێران، متمانەی نێوان گەلی ئێران و سیستمی فەرمانڕەواكەی نۆژەن بكرێتەوە، چونكە بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆیی و كۆكیی نێوان دەستەبژێر و كۆمەڵگە و دامەزراوەكانی دەوڵەت، مەرجێكی سەرەكییە بۆ بەردەوامبوونی هێزی ناوچەیی ئێران.
ئەنساری دووپاتی كردەوە كە شەڕی دوایی ئیسرائیل لە دژی ئێران، حیساباتی ناوچەكەی گۆڕی و دۆخێكی نوێی بەسەر هاوكێشەی بەرپەرچدانەوە سەپاند، ئاماژەی كرد، ئێران لەو قۆناغە ئامادەسازتر بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتەكانی لە ناوچەكە لەسەر بنەمایەكی كردەنی و هاوسەنگ هاتە دەرەوە.