ستیڤ ویتكۆڤ نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا رای گەیاند كە دەوڵەتێكی تر دێتە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی، واتە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل.
ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمشەو هاتنی وڵاتێكی تر بۆ ناو رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی ئیسلامی رای دەگەیەنێت، ئەو لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی كارەكان لە فلۆریدا گوتی، دەگەڕێمەوە واشنتن بۆ راگەیاندنی ئەو بابەتە، بەڵام ناوی دەوڵەتەكەی ئاشكرا نەكرد.
پێشتر ویتكۆف رای گەیاندبوو كە رەنگە بەمنزیكانە حكوومەتەكانی سعوودیە و لبنان و لیبیا و سووریا بتوانن بێنە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی و پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە، ئەوە لەوكاتەی ئەمەریكا لە 2020 دەستی بە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێكی عەرەبی كردووە، لەوانە بەحرێن و ئیمارات و مەغریب و سوودان، لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی.
ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە كە قاسم تۆكاییڤ سەرۆكی كازاخستان لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێوەندیكردنی وڵاتەكەی بۆ رێككەوتنەكان و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنێت.