فوئاد حوسێن: شەش گرووپی چەكداری عێراق لە حكوومەتی داهاتوودا رۆڵیان نابێت

:: AM:09:04:08/11/2025 ‌
لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، شەش گرووپی چەكداری عێراقی كە لەلایەن ئەمەریكاوە بە "تیرۆریست" ناو براون، ئەوان لە حكوومەتی داهاتووی عێراق بەهیچ شێوەیەك نوێنەر و رۆڵیان نابێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو هەشتی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "حەدەس" گوتی، ئەو بڕیارە لەلایەم ئەمەریكاوە دراوە كە شەش گرووپی چەكداری عێراقی، لەناو ئەو لیستەدان كە "قەدەغە كراون". بۆیە ئەوان لە قۆناغی داهاتوو و حكوومەتی نوێی عێراق، نوێنەریان نابێ و رۆڵیان نابێت.

حوسێن زیاتر گوتی، بۆ ئێمەیش بەپێی ئەو پێوەندییە سەركەوتووەی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمانە، لەسەرمانە ئەو پرسە بەهەند وەربگرین، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاسانی هەڵسوكەوت لەگەڵ تەواوی وڵاتان بكەین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە یەكی تشرینی دووەمدا دووپاتی كردەوە، زۆر پێویستە حكوومەتی عێراق كۆتایی بە گرووپە چەكدارەكان بێنێت و هەڵبوەشێنەوە. گوتەبێژ بەناوی ئەو وەزارەتە گوتی، بریارەكەی ئێمە زۆر روونە كە چالاكیی میلیشیاكانی سەربە ئێران لەناو عێراق، پێویستە بەكۆتا بێت.

دووپاتی كردەوە كە ئەو میلیشیایانە لە چالاكییە توندوتیژییەكان بەشدار بوون و كێشەیان بۆ سەقامگیریی عێراق دروست كردووە، بۆیە ئەوان هەڕەشەن بۆ ئەمەریكا و عێراقیش.

بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بەپێویستی زانیوە حكوومەتی عێراق بەرانبەر بەو میلیشیایانە بجووڵێتەوە، بۆ ئەوەیش بە حكوومەتی عێراق گوتووە، پێویستە ئەو گرووپانە چەك بكرێن و هەڵبوەشێنەوە، چونكە بۆ ئاسایشی عێراق رۆڵیان نییە و تەنیا زیان بە سەروەریی عێراق دەگەیەنن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د