میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە كە ئەمڕۆ ئاگرێكی گەورە، لە كارگەیەكی تایبەت بە بۆن كەوتووەتەوە و بەهۆیەوە شەش كەس گیانیان لە دەست داوە، ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو هەشتی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی دەسەڵاتی ناوخۆی توركیا و میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردووەتەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەی لە كارگەیەكی تایبەت بە بۆن كەوتووەتەوە، شەش كەس دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیكی تریش بریندار بوون، بەشێك لە بریندارەكان دۆخیان سەختە.
هاوكات میدیای "رووسیای ئەمڕۆ" بڵاوی كردووەتەوە، لە دوای رووداوەكە دەستبەجێ تیمەكانی بەرگریی شارستانی و ئاگركوژێنەوە، بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، تا ئێتەیش هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە ئاشكرا نەكراوە.
پارێزگاری ئەو ناوچەیەی رووداوەكەی لێ رووی داوە، بۆ میدیاكان دووپاتی كردووەتەوە، بە هیمەتی ئاگركوژێنەوەكان، توانراوە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام جێی داخە كە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی شەش كەس و ژمارەیەكی تریش بە سەختی بریندار بوون. تا ئێستە بە وردی دیار نییە زیانە ماڵییەكان چەند بووە.
هاوكات هەندێك لە میدیاكان لەبارەی زیانەكانی رووداوەكە بڵاویان كردووەتەوە، ئەوەی دیارە تا ئێستە شەش كەس گیانیان لە دەست داوە و باس لە برینداربوونی حەوت كەسی تریش دەكرێت، پێشبینی دەكرێ ژمارەی مردنەكان زیاتر هەڵبكشێت.