رۆژنامەی هائارتس: ئێران عێراقی کردووەتە داڵانێکی لۆجستیکی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرەی مقاوەمە

:: PM:04:23:08/11/2025 ‌
رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی رای گەیاند ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خستووە عێراق بکاتە داڵانێکی لۆجستیکی بۆ بەهێزکردنی بەرەی مقاوەمە و هەمان رۆڵ کە لە یەمەن و سووریا گێڕاویەتی ئەم جارە لە عێراق پیادەی بکات.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە حزبوڵای لبنان دوای ئەو گورزە کاریگەرەی بەری کوت ئێستە هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە دووبارە لەرووی سەربازییەوە خۆی بەهێز بکاتەوە.

حزبوڵا بۆ ئەوەی چەک و پێداویستی دابین بکات هیواکانی خۆی لەسەر عێراق هەڵچنیوە و هەوڵ دەدات لە رێی عێراقەوە مووشەک، درۆن و پێداویستی تر دابین بکات، ئێران رۆڵی سەرەکی هەیە لە کردنەوەی داڵانەکە و پاڵپشتیکردنی حزبوڵا و بەرەی مقاوەمە.

لە رۆژانی رابردوودا سوپای ئیسرائیل لە باکوری وڵاتەکە ئامادەباشیی هێزەکانی زیاتر کردووە و خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەست بە هێرشێکی نوێ بکات.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە تا ئەو کاتەی ئێران هەژموونی بەسەر عێراقدا هەبێت و پاڵپشتی لە گرووپە میلیشیاکانی بکات نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێ لە سنوورەکانی نێوان ئیسرائیل و لبنان هیچ جۆرە ئارامی و سەقامگیرییەک بێتە کایەوە.


وشە - سلێمان تاشان