میدیاکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەموو بڵاویان کردەوە، بەهۆی داخرانی حكوومەتەوە کە ماوەی 39 ڕۆژە بەردەوامە، زیاتر لە 1700 گەشتی ئاسمانی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەڵوەشێندراونەتەوە.
هۆکاری سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی کارمەندانی چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانی دەگەڕێتەوە، ئەمەش وای کردووە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ڕێنوێنیی کۆمپانیاکان بکات گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە. کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیش بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی حكوومەت و کۆنگرێس.
ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاندووە، کۆمپانیاکان گەشتەکانیان لە 40 فڕۆکەخانەی قەرەباڵغی وڵاتەکە بە ڕێژەی چوار لەسەدا کەم کردووەتەوە و هۆشداریی داوە ئەگەر داخرانەکە بەردەوام بێت، ڕێژەکە بۆ شەش لەسەدا لە 11ی مانگ و 10 لەسەدا لە 14ی مانگ بەرز دەبێتەوە.
حكوومەتی فیدراڵیی ئەمەریکا لە 30ی ئەیلوولی ڕابردووەوە داخراوە، دوای ئەوەی کۆنگرێس شکستی هێنا لە پەسەندکردنی بودجەیەکی کاتی بۆ ساڵی داراییی نوێ. ئەمە یەکەم داخستنی حكوومەتە لە دوای ساڵانی 2018-2019.