وەك بڕیار بوو، ئەمڕۆ 9ی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، بڕیارە 11ی ئەم مانگە دەنگدانی گشتی بەڕێوە بچێت، ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر و دوو سبەیش ملیۆنان دەنگدەری تر روو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن، شارەزایەكی یاسایی دەڵێت، حكوومەتی عێراق بە فەرمی چووە ناو قۆناغی كاربەڕێكردن.
سالم حەواس راوێژكار و شارەزای یاسایی دووپاتی كردەوە كە لە ساتی دەست پێكردنی پرۆسەی دەنگدان بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم، حكوومەتی عێراق بەفەرمی چووە ناو قۆناغی كاربەڕێكردن و بەڕێكردنی ئەركی رۆژانە، دووپاتی كردەوە، بە كۆتاهاتنی ماوەی دیاریكراوی هەڵبژاردن، هەریەك لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق ماوەی كاری یاسایی و دەستوورییان كۆتای هات.
روونی كردەوە، دەستووری عێراق و پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، سێ حاڵەتیان بۆ بوونی حكوومەت بە كاربەڕێكەر دیاری كردووە، ئەوانیش یەكەم/ لە كاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی بڕگەی دووی مادەی 64ی دەستوور، ئەوكات حكوومەت بە دەستلەكاركێشاوە حسێب دەكرێت و وەك كاربەڕێكەر تا كاتی هەڵبژاردنی نوێ و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەردەوام دەبێت.
دووەم/ لەكاتی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەت بەپێی خاڵی دال بڕگەی دووی مادەی 62ی دەستوور، كاتێك حكوومەت دەستلەكاركێشاوە حسێبە و بۆ ماوەی تا 30 رۆژ وەك كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت. سێیەم/ لە كاتی دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت یان كۆتاهاتنی ماوەی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی، ئەوەش وەك دەستلەكاركێشانەوە حسێبی بۆ دەكرێت و تا كاتی دەستبەكاربوونی فەرمیی حكوومەتی نوێ وەك كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت.
ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد، بۆ ئەو قۆناغە دەسەڵات و ئەركی حكوومەتی عێراق تەنیا بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەیە بێ توانای وەرگرتنی بڕیاری ستراتیجی یان دەركردنی یاسای گرنگ، ئەوەش وەك پابەندییەك بە پرەنسیپی ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و رێزگرتن بۆ دەستوور و یاسا.