دوای ئەوەی سەعات 7:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد و دەنگدەرانی تایبەت روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد، بڕیارە سەعات 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە كاتی ناوخۆیی عێراق وێستەگان دەرگە دابخەن و پرۆسەی دەنگدان كۆتایی بێت، بەپێی زانیارییەكان لە عێراق رێەی بەشداریكردن لە سەرووی 60%یە لە هەرێمیش لە سەرووی 95%یە، هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگە.
ئەمڕۆ یەكشەم دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە تەناهییەكان و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و كارمەندانی تەناهی لە هەرێمی كوردستان و زێرەڤانی و هێزی پێشمەرگە، جیا لە ئاوارەكان روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد و دەنگیان دا، بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان رێژەی دەنگدان زۆر زیاتر بووە و دەنگدەران بە گەرموگوڕیی زیاتر لە عێراق روویان لە سندووقەكان كردووە و پرۆسەكەش رێكوپێكتر بەڕێوە چووە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێشەوەیە.
لە
عێراق كە جیا لە بێزاریی خەڵك، بانگەشەی رەوتی نیشتمانیی شیعەی موقتەدا سەدر بۆ بایكۆتكردنی پرۆسەكە كاریگەری هەبوو، بووە هۆی ئەوەی رێژەی بەشداریكردن كەمتر بێت و بگاتە ئاستی 60% وەك لە ئامارەكان باسی كراوە، بە گشتی ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە، جیا لە 26 هەزار ئاوارەی كەمپەكان، بڕیارە سەعات 6:00ی ئێوارەش بنكەكان دەرگەیان دابخەن و كۆمسیۆنیش رای گەیاند كە ماوەی دەنگدان درێژ ناكەنەوە.