دەنگدانی تایبەت لە عێراق كۆتایی هات

:: PM:06:11:09/11/2025 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد، سەعات 7:00ی بەیانیی ئەمڕۆ وێستگەكانی دەنگدان دەرگەیان بە رووی دەنگدەرانی تایبەت كردەوە كە ژمارەیان زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەر بوو، سەعات 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدانەكە كۆتایی هات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە پرۆسەكە بە رێكوپێكی و بێگەردی و بە ئامادەبوونی نوێنەری قەوارە سیاسییەكان و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەكی بەڕێوە چوو، هەریەك لە كارمەندانی هێزە تەناهییەكان و ئاوارەكان و زیندانیان لەو دەنگدانە بەشدارییان كرد. 

كۆمسیۆن دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان راستەوخۆ لە دوای داخرانی دەرگەی بنكەكانی دەنگدان بە ئامادەبوونی چاودێران و نوێنەری قەوارە سیاسییەكان و كاندیدان دەست پێ دەكات و ئەنجامی سەرەتاییش لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتی لە دوای كۆتاهاتنی رێوشوێنەكانی تەكنیكی و لێوردبوونەوە دێتە راگەیاندن. 

بەپێی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت لە سەرووی 97% بووە و لە پارێزگاكانی عێراقیش لە نێوان 50 بۆ 85%، ئەوەش دوای داخرانی دەرگەی وێستگەكانی دەنگدان لە سەعات 6:00ی ئێواری ئەمڕۆ لەو كاتەی 1.313.980 دەنگدەری تایبەت لە هێزە تەناهییەكان و 26.538 دەنگدەری ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل