دەنگدەرێكی تایبەت دەنگ بە ریال مەدرید دەدات

:: PM:06:30:09/11/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ سەعات 7:00ی بەیانی بە كاتی ناوخۆیی عێراق دەنگدانی تایبەت بۆ شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد و زیاترلە ملیۆنێك و 300 ملیۆن كارمەندی هێزە تەناهییەكان و سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و زیندانیان و ئاوارەكان مافی دەنگدانیان هەبوو، پرۆسەكە سەعات 6:00ی ئێوارە كۆتایی هات.

وەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كارمەندێكی تەناهی لەو دەنگدانەی ئەمڕۆ دەنگی بە ریال مەدریدی ئیسپانی داوە، كە یەكێكە لە یانە بەناوبانگە وەرزشییەكانی تۆپی پێ لە ئیسپانیا و ئەوروپا و دنیا، ئەوەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوە گەورەی دروست كرد.

بەپێی فۆرمی دەنگدانی ئەو كارمەندە كە خانەیەكی بۆ فۆرمەكە زیاد كردووە بە ناوی ریال مەدرید و دەنگی بەو داوە، بەپێی یاساكانی كۆمسیۆنیش دەنگدانەكە پووچەڵ حسێبە. 

بەپێی چاودێران ئەو كارەی دەنگدەرەكە بە جۆرێك لە گاڵتەجاڕی و بێئومێدی و بێزاری و ناڕەزایەتی دادەنێن، كە دەنگدەری تر بە بایكۆتكردن و نووسینی شتی تر لەسەر فۆرمی دەنگدان بەرجەستەی بێ دەكەن. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل