ئەمڕۆ یەكشەم دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، تیایدا زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەری تایبەت لە كارمەندانی تەناهی و سوپا و هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و زیندانیان و ئاوارەكان روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد و بە رێژەی جیاواز لە ناوچەكان دەنگیان دا، دوای كۆتاهاتنی پرۆسەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی دەنگدانی لێ كردن.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رووی لە هێزە تەناهی و سەربازییەكان كرد و پیرۆزبایی لە كۆتاهاتنی پرۆسەكە و بەشداریكردنیان تیایدا و هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ پەرلەمانی نوێی عێراق كرد، جیا لەوە داوای لێ كردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن و پرۆسەكە لە هەر كاریگەری و پێشێلكارییەك.
دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن داخستنی بنكەكانی دەنگدان لە سەعات 6:00ی ئێوارە لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت لە سەرووی 97% بووە و لە پارێزگاكانی عێراقیش لە نێوان 50 بۆ 85%، لەو كاتەی 1.313.980 دەنگدەری تایبەت لە هێزە تەناهییەكان و 26.538 دەنگدەری ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو.
وەك كۆمسیۆن رای گەیاند ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆی تایبەت لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتی دێتە راگەیاندن كە دووسبەی سێشەم بەڕێوە دەچێت، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لە بەغدا و بەسرە لیستەكەی محەمەد شیاع سوودانی لەپێشە، هەر لە بەغدا هاوپەیمانی عەزی سوننە لە پێشەوەی هێزە سوننەكانە و لیستەكەی نووری مالیكیش لە بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە، لە هەرێمی كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگی لیستەكانی گرتووە.