ئەمڕۆ بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەر، دەنگدانی تایبەت بۆ شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، كە هێزە تەناهی و سەربازی و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و زیندانیان و ئاوارەكانی گرتەوە، لە هەرێمی كوردستان رێژەی بەشداریكردن لە سەرووی 97% بووە و لە عێراقیش لە نێوان 50 بۆ 85%، هەرچی ئاوارەی كەمپەكان لە دهۆك، رێژەكە گەیشتووەتە 77%.
پیر دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك رای گەیاند، رێژەی بەشداریكردنی ئاوارەكان لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 77%، روونی كردەوە، ژمارەیەك لەو ئاوارانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناویان تۆمار كرابوو، ئێستە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 23 ناوەندی دەنگدان زۆر بە باشی بەڕێوە چوو بێ هیچ كێشەیەك.
روونی كردەوە، هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكان بەشداری لە دەنگدانی گشتی دەكەن، ئەگەرچی رەنگە گەڕانەوەیان بۆ شنگال بەهۆی كێشەی دارایی ئەوان تووشی بەربەست ببێتەوە.
شایەنی باسە ئەمڕۆ یەكشەم دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو كە تیادا زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەر دەبوو بەشداری تیادا بكەن، هاوكات زیاتر لە 26 هەزار دەنگدەری ئاوارە لە كەمپەكان بەشداریيان لە پرۆسەكە كرد.