رۆژنامەیەك: لە هەر ساتێك شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەست پێ دەكات

:: PM:08:49:09/11/2025 ‌

لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی رابردوو، گورزێكی گەورە بەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران كەوت و ژمارەیەك لە فەرماندە باڵا سەربازییەكانی و زانا و شارەزایانی ئەتۆمی لەناو چوون، ئەمەریكا لە 22ی حوزەیران هاتە ناو شەڕەكە و سێ وێستگەی سەرەكیی ئەتۆمیی تارانی وێران كرد، كەچی راپۆرتەكان پێیان وایە ئەو هێرشانە ئامانجی خۆیان نەپێكاوە و گەڕێكی نوێی شەڕی هەردوولا بەڕێگەوەیە.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە شەڕێكی نوێی ئەو دوو وڵاتە نەك دەبێت، بەڵكو زۆر نزیكە و لەهەر ساتێك چاوەڕوانی روودانی دەكرێت، بەتایبەتی كە ماوەی كارپێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی 2025 كۆتای هاتووە و ئەوەش دۆخەكە گەڕاندووەتەوە خاڵی سفر.

ئێستە ئێران لەژێر سزای ئەمەریكادایە و گفتوگۆكانیش بۆ رێككەوتنی نوێ دەستی پێ نەكراوە، ئیسرائیلیش پێی وایە ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی لەناو نەچووە و بۆ شوێنی تری گواستووەتەوە، لەوانە چیای فاس، بۆیە دۆخی ناوچەكە مەترسیدارە، گفتوگۆ نییە و چاودێریش بۆ وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران نییە و ناروونی بۆ ئەمباری ئەتۆمی ئێران هەیە، ئەوانەش ئەگەری پەنابردنی ئیسرائیل بۆ هێزی سەربازی زیاتر دەكەن.   

عەلی فائیز توێژەر ئاماژە دەكات كە ئێران خۆی بۆ گەڕێكی تری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە دەكات، كارگەكانی بەرهەمهێنانی مووشەك بەدرێژایی سەعات كار دەكەن و فەرماندەكانی سوپای پاسداران دەیانەوێ ئەوجارە بەیەكجار دوو هەزار مووشەك بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵ بدەن بۆ ئەوەی نەتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە، لەوكاتەی ئیسرائیل چاوەڕوانی دووپاتبوونەوە لەوە دەكات كە ئێران خەریكە لە هێڵی سوور بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیك دەبێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل