لیندسی گراهام: ئاشتی و ئاوەدانكردنەوەی غەزە پێوەستە بە داماڵینی چەكی حەماسەوە

:: PM:09:26:09/11/2025 ‌

تا ئێستە رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە بەردەوامە، بەڵام پرۆسەكە لە یەكەم قۆناغی رێككەوتنەكە وەستاوە، بەپێی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە قۆناغەكانی داهاتوو دەبێت حەماس چەك دابنێت و غەزە رادەستی حكوومەتێكی سەربەخۆ بكات، سیناتۆرێكی ئەمەریكی پێی وایە حەماس چەك دانانێت.

لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماری رای گەیاند، تا ئەو كاتەی حەماس چەكدار بێت، ناكرێت باسی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست بكرێت، هاوكات هەر ئاوەدانكردنەوەیەكی غەزە، راستەوخۆ پێوەستە بە داماڵینی چەكی حەماسەوە، ئێستەش هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی حەماس ئامادەیە واز لە هێزی سەربازی بێنێت.

دووپاتی كردەوە، هیوادارم حەماس چەك دابنێت، بەڵام هیچ هەوڵێكی بۆ ئەو كارە نابینم، بەڵكو هەوڵی خۆبەهێزكردن و خۆپڕچەككردن دەدات، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە هەڵسوكەوتی حەماس لەگەڵ بیرۆكەی داماڵینی چەك و وازهێنانی لە دەسەڵات یەك ناگرێتەوە.

گراهام ئاماژەی كرد، ئێستە یان لە داهاتوو هەر دەبێت یەكێك چەكی حەماس دابماڵێت، ئەگەر خۆی ئەو كارە نەكات، ئەوە ئیسرائیل دەیكات، تاكە لایەنە بتوانێت بە زەبری هێز ئەو كارە بكات و ئێمەش دەتوانین بۆ ئەو كارە یارمەتی بدەین، ئەو رۆژەشی كە چەكی حەماس دادەماڵرێت و وەك بەشێك لە ژیانی سیاسی لە غەزە نامێنێت، ئەو رۆژەیە ئاوەدانكردنەوەی غەزە و بەری رۆژئاوا و گەڕانەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان دەست پێ دەكات، بۆیە تا ئەوكاتەی حەماس هێزی چەكداری هەبێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل