كۆمسیۆن: رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت 82% بوو

:: PM:09:42:09/11/2025 ‌


ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، بڕیار بوو زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەری تایبەت لە هێزە تەناهی و سەربازییەكان و هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و زیندانی و ئاوارەكان بەشداری تیادا بكەن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە رێژەی بەشداریكردن لە پرۆسەكە 82.42% بووە.

عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران رای گەیاند كە كۆمسیۆن توانی لە دەنگدانی تایبەت بە یەك دووری لە هەموو كاندیدان بوەستێت، دووپاتی كردەوە كە ژمارەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان دا گەیشتە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر، رێژەی بەشداریكردن گەیشتە 82.42%. 

ئەوە لەوكاتەی پێشتر هاتە راگەیاندن كە ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە تەناهییەكان و 26 هەزار و 538 ئاوارەی ناو كەمپەكان، مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ هەبوو، لە هەرێمی كوردستان بەشداریی دەنگدەران بەمشێوەیە بوو، لە هەولێر: 97% و لە سلێمانی: 95% و لە دهۆك: 98% و لە زاخۆ: 97%و لە سۆران: 97%، لەو كاتەی لە عێراق رێژەكە كەمتر بوو و لە نێوان 50 بۆ 85% بووە.

لای خۆیەوە پیر دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك رای گەیاند، رێژەی بەشداریكردنی ئاوارەكان لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 77%، روونی كردەوە، ژمارەیەك لەو ئاوارانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناویان تۆمار كرابوو، ئێستە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 23 ناوەندی دەنگدان زۆر بە باشی و بێ هیچ كێشەیەك بەڕێوە چوو.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل