رێژەی بەشداریكردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێم 98% بوو

:: PM:10:56:09/11/2025 ‌

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەر كە مافی دەنگدانیان هەبوو، ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەكە كرد كە لە سەعات 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم دەستی پێ كرا و لە سەعات 6:00ی ئێوارە كۆتای هات، نووسینگەی هەرێمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێژەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێم بە 98% دیاری كرد.

نەبەرد عومەر بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بە سەركەوتووی و بێ هیچ كێشەیەك بەڕێوە چوو، رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 98% و تا ئێستە هیچ تانەیەك تۆمار نەكراوە.

هەر ئەمڕۆ عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران رای گەیاند كە كۆمسیۆن توانی لە دەنگدانی تایبەت بە یەك دووری لە هەموو كاندیدان بوەستێت، دووپاتی كردەوە كە ژمارەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان دا گەیشتە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر، رێژەی بەشداریكردن گەیشتە 82.42%. 

ئەوە لەوكاتەی پێشتر هاتە راگەیاندن كە ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە تەناهییەكان و 26 هەزار و 538 ئاوارەی ناو كەمپەكان، مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ هەبوو، لە هەرێمی كوردستان بەشداریی دەنگدەران بەمشێوەیە بوو، لە هەولێر: 97% و لە سلێمانی: 95% و لە دهۆك: 98% و لە زاخۆ: 97%و لە سۆران: 97%، لەو كاتەی لە عێراق رێژەكە كەمتر بوو و لە نێوان 50 بۆ 85% بووە.

لای خۆیەوە پیر دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك رای گەیاند، رێژەی بەشداریكردنی ئاوارەكان لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 77%، روونی كردەوە، ژمارەیەك لەو ئاوارانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناویان تۆمار كرابوو، ئێستە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 23 ناوەندی دەنگدان زۆر بە باشی و بێ هیچ كێشەیەك بەڕێوە چوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل