كۆمسیۆن: ژماردنی بە دەست و ئەلیكترۆنیی دەنگەكان وەك یەكە

:: PM:11:13:09/11/2025 ‌

ئەمڕۆ 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بڕیارە دووسبەی سێشەم دەنگدانی گشتی بە بەشداری ملیۆنان دەنگدەر لە سەرانسەری عێراق بەڕێوە بچێت، ئەمشەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێژەی بەشداریكردنی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامی گشتی دێتە راگەیاندن.

جومانە غەلای گوتەبێژ بە ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمشەو رای گەیاند كە ئەنجامی پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان بە دەست و ئەلیكترۆنی وەك یەك بووە.

هەر ئەمشەو لە بەیاننامەیەك كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە تا ئێستە چوار سكاڵا لە نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان تۆمار كراوە و پێشتریش رای گەیاندبوو كە سندووقەكان و میمۆریی ئامێرەكانیان بەرەو نووسینگەی نیشتمانیی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە بەغدا گواستووەتەوە. 

ئەمشەو نەبەرد عومەر بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بە سەركەوتووی و بێ هیچ كێشەیەك بەڕێوە چوو، رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 98% و تا ئێستە هیچ تانەیەك تۆمار نەكراوە.

لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران رای گەیاند كە كۆمسیۆن توانی لە دەنگدانی تایبەت بە یەك دووری لە هەموو كاندیدان بوەستێت، دووپاتی كردەوە كە ژمارەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان دا گەیشتە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر، رێژەی بەشداریكردن گەیشتە 82.42%. 

ئەوە لەوكاتەی پێشتر هاتە راگەیاندن كە ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە تەناهییەكان و 26 هەزار و 538 ئاوارەی ناو كەمپەكان، مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ هەبوو، لە هەرێمی كوردستان بەشداریی دەنگدەران بەمشێوەیە بوو، لە هەولێر: 97% و لە سلێمانی: 95% و لە دهۆك: 98% و لە زاخۆ: 97%و لە سۆران: 97%، لەو كاتەی لە عێراق رێژەكە كەمتر بوو و لە نێوان 50 بۆ 85% بووە.

لای خۆیەوە پیر دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك رای گەیاند، رێژەی بەشداریكردنی ئاوارەكان لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 77%، روونی كردەوە، ژمارەیەك لەو ئاوارانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناویان تۆمار كرابوو، ئێستە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 23 ناوەندی دەنگدان زۆر بە باشی و بێ هیچ كێشەیەك بەڕێوە چوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل