كۆبوونەوەی سەرۆكی سووریا و ئەمەریكا دوێنێ لە كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، لەسەر داوای ترەمپ، هەریەك لە وەزیری دەرەوەی توركیا، سووریا و ئەمەریكا كۆبوونەوە، تێیدا رێككەوتن كە دەبێت رێككەوتنی 10 ئادار بۆ تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا جێبەجێ بكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 11ی تشرینی دووەم، ماڵپەڕی "ستار گەزەتە" بڵاوی كردەوە، بە پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كۆبوونەوەی هەریەك لە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بۆ بەدوداچوون بۆ ئەو رێككەوتنانەی لە نێوان سەرۆكی سووریا و ئەمەریكا و پرسی هەسەدە و پێوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا لە واشنتن بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بەدواداچوون و بەردەوامیدان بە رێككەوتنی 10 ئادار بدرێت بۆ تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، پشتیوانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی تەناهیی لەگەڵ ئیسرائیل بكرێت لە پێناو تێكنەچوونی سەقامگیریی سووریا و ناوچەكە.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، پشتیوانیی ئەمەریكا بوو بۆ سووریا لە بوارەكانی ئابووری و بووژانەوەی وڵات و زیادكردنی وەبەرهێنان لە سووریا، هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە بووە.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "لەو كۆبوونەوەیە دەرفەتمان بۆ ڕەخسا بیروبۆچوونمان لەبارەی چارەسەری كێشەكانی باشووری سووریا و باكور و شوێنەكانی تر دەرببڕین، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، ڕەنگە كاریگەریی بەسەر یەكپارچەیی سووریا هەبێت، بەتایبەت تێكەڵكردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، دەبێت گرووپەكانی سووریا لە ژێر هیچ فشارێكی دەرەكی نەبن و نابێت مەترسی لەسەر هیچ كەس دروست بكەن."