ناوچه‌ی 51 له ئه‌مه‌ریكا شوێنێكی نهێنییه بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ك و فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌وێ هه‌ن به هیچ جۆرێك ئاشكرا ناكرێن. ئه‌مڕۆ مانگی ده‌ستكرد شوێنێكی هاوشێوه‌ی له چین ده‌ستنیشان كردووه كه شاره‌زایان ناویان لێ ناوه ناوچه‌ی 51ی چین.
ناوچه‌كه له بیابانی گۆبییه له باكوری رۆژئاوای چین، بێژینگ لێ ناگه‌ڕێت هیچ فڕۆكه‌یه‌ك به‌سه‌ری بفڕێت. شوێنه‌كه له 1964 شوێنی یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كیی چین بووه.
مانگی ده‌ستكرد چه‌ند وێنه‌یه‌كی وردی بنكه‌كه‌ی ده‌ست كه‌وتووه كه به لۆپ نور ناسراوه. له یه‌كێك له وێنه‌كان چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بێ كلك ده‌رده‌كه‌وتن. هاوكات بڕوا ده‌كرێت بنكه‌كه فڕۆكه‌ی بۆشایی ئاسمانی لێ بێت كه هاوشێوه‌ی X-37Bی ئه‌مه‌ریكی، ده‌توانێت له ناو و ده‌ره‌وه‌ی به‌رگه‌هه‌وای زه‌وی بفڕێت.
یه‌كێك له فڕۆكه بێ كلكه‌كان J-36ه كه به سێ بزوێنه‌ر ئیش ده‌كات. فڕۆكه‌كه به هیچ جۆرێك رادار نایگرێت، هاوكات ده‌توانێت 55 تۆن ته‌قه‌مه‌نی هه‌ڵبگرێت و به خێرایی هه‌زار و 900 میل له سه‌عاتێكدا بفڕێت، واته به خێرایی هایپه‌رسۆنیك ده‌فڕێت بێ ئه‌وه‌ی ئاگر له گزۆزه‌كانی ده‌ربچێت.
له حاڵه‌تی هێرشێك بۆ سه‌ر تایوان كه بێژینگ به به‌شێك له خۆی ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت بیگه‌ڕێنێته‌وه، فڕۆكه‌كه ده‌موده‌ست ده‌گاته دوورگه‌كه بێ ئه‌وه‌ی تایوان بتوانێت به‌رگرییه ئاسمانییه‌كانی ئاماده بكات.
هه‌روه‌ها لۆپ نور بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی به‌كار دێت، چین ژێرخانی ژێرزه‌وینیی وه‌ها قووڵی دامه‌زراندووه كه بتوانێت تاقیكردنه‌وه‌كان له ژێر زه‌وی ئه‌نجام بدات.