دوێنێ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بڕیارە ئەمشەو ئەنجامە سەرەتاییەكانی بێتە راگەیاندن، توێژەرێكی ئێرانی ئاماژە دەكات كە رەنگە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چەند مانگێك بخایەنێت، ئەوەش بەهۆی هاوسەنگیی وردی نێوان هێزە سیاسییە براوەكان و نەبوونی هێزێكی خاوەن زۆرینە لە پەرلەمانی نوێ.
هۆشەنگ شێخی دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی دوایی، كە پێشكەوتنی هاوپەیمانییەكانی ئیعمار و تەنمییە و دەوڵەتی یاسای لێ هاتووەتە دی، ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی دابەشبوونی پرۆسەی سیاسی دەكات كە لە 2003ەوە هەیە، كاتێك ئەو سیستمە پەرلەمانی فیدرالییەی پۆل بریمەر لە عێراق دایمەزراند، لە بەرهەمهێنانی حكوومەتێكی سەقامگیر و سیستمێكی یەكگرتووی سیاسی شكستی هێنا، بۆیە ئێستەش پرۆسەی سیاسی لەسەر سازانێكی لاوازی هێزەكان زیاتر لە پشتبەستن بە بەرنامەی هەڵبژاردن بنیات نراوە.
دووپاتی كردەوە، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەوەستێتە سەر هاوسەنگیی ئاڵۆزی ناوچەكە، ئێستە ئێران و ئەمەریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی عێراق دەكەن، هەریەكەیان هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی دەسەڵات و هەژموونی لەناو هێزە دەسەڵاتداراەكان، ئەمڕۆ هێزە شیعەكان بە تاقیكردنەوەیەكی هەستیار تێپەڕ دەبن بۆ توانایان لەسەر یەكخستنی هەڵوێستیان لەبارەی سەرۆكایەتیی حكوومەت، لەوكاتەی سوننە و كورد هەوڵی بەهێزكردنی پێگەیان لە گفتوگۆكان لە رێگەی دروستكردنی هاوپەیمانی دەدەن.
لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنی دوایی كۆتایی تەنگژەی سیاسی نییە لە عێراق، بەڵكو سەرەتای وەرز و قۆناغێكی نوێیە و ئەنجامەكەشی پێوەستە بە گفتوگۆیەكی درێژخایەنی ناوخۆیی و گوشاری ئاڵۆزی دەرەكی، كە رەنگە وا بكات پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق یەكێك بێت لە دوورودرێژترین گفتوگۆكان لە مێژووی سیاسیی عێراقی نوێ.