دوێنێ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بڕیارە ئەمشەو ئەنجامە سەرەتاییەكان بێتە راگەیاندن، لە دوێنێوە دوو ئاماری جیاواز لەبارەی رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران دێتە بڵاوكردنەوەن لەوانە لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و چەند ناوەندێكی چاودێری، بە گشتی كۆمسیۆن هەوڵ دەدات ژمارەكە بەرز بێت.
لەوكاتەی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژە بۆ رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكە بە زیاتر لە 56% دەكات ئەوەش بەرزترینە لە 2014ەوە، چەند ناوەندێكی توێژینەوە باسی ئەوە دەكەن رێژەی راستەقینەی بەشداریكردنی دەنگدان 41%یە و ئەوان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان حسێبیان كردووە.
لەبەرانبەردا هەندێك ناوەندی تایبەت بە كاروباری هەڵبژاردن گومانیان خستە سەر ئەو رێژەی كۆمسیۆن باسی كردووە، لەوانە ناوەندی ئەزموونی هەڵبژاردن بۆ توێژینەوە لە بەیاننامەیەك دەڵێت، رێژەی راستەقینەی بەشداری دەنگدەران 40.95% تێپەڕ ناكات، ئەوەش كاتێك بە پێوەری نێودەوڵەتی و پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ دیموكراسی و هەڵبژاردن دێتە حسێبكردن، سەنتەرەكە دەڵێت ئەو رێژەی كۆمسیۆن رای گەیاندووە ژمارەی بەشدارانە لە كۆی ئەوانەی لە بایۆمەتری تۆمار كراون نەك ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە كە 29.253.260 ملیۆن كەسن، لەوانە هەشت ملیۆنیان تۆماری دەنگدانیان نوێ نەكردووەتەوە و كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان نییە.
دووپاتی كردەوە، ئەو رێژەی كۆمسیۆن رای گەیاندووە، واتە 56%، بەرجەستەی رێژەی بەشداریكردن لە ناو ئەوانەی كارتی بایۆمەتریان هەیە دەكات، نەك لە نێوان ئەوانەی توانای دەنگدانیان هەیە و ئەوەش وای كردووە حسێبكردنەكە ورد نەبێت.
عەبدوڵا روكابی توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو مشتومڕەی لەوبارەوە هەیە بەرجەستەی بوونی تەنگژەیەكی بێمتمانەیی لە نێوان كۆمسیۆن و شەقامی عێراقی دەكات، خەڵكێكی زۆر بەهۆی نەبوونی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە هەڵبژاردن بێبەش كراوە، كەچی مافی دەنگدانی هەیە، لەوانە نزیكەی نۆ ملیۆن دەنگدەر لە حسێبكردنی رێژەی بەشداریكردن حسێبیان بۆ نەكراوە.