كۆمسیۆن ناوی كاندیدانی براوەی كۆتای راگەیاند

:: PM:10:45:12/11/2025 ‌

دوێنێ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بە بەشداری ملیۆنان دەنگدەر لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەمشەو كۆمسیۆن ئەنجامە سەرەتاییەكانی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە رێژەی بەشداریكردن 56% بووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تەواوی قەوارە سیاسییەكان لە پاریبَزگاكان، ناوی كاندیدانی سەركەوتووی كۆتای پێكهاتەكانی بڵاو كردەوە.

ناوەكان وەك لە لیستەكەی خوارەوە هاتووە، لەسەر ئاستی پێكهاتەكان خالید سەیدۆ لە پێكهاتەی ئێزدی زیاترین دەنگی هێناوە، نۆ هەزار دەنگی لە هەڵبژاردنەكە بەدەست هێنا و لە پێكهاتەی شەبەك وەعد محەمەد 10 هەزار دەنگ و بەسام جاسب لە پێكهاتەی سابیئەی مەندایی بە پێنج هەزار دەنگ و حەیدەر عەلی لەسەر كوردانی فەیلی 17 هەزار دەنگ و سامی ئۆشانە لەسەر پێكهاتەی كریستیان 22 هەزار دەنگی بەدەست هێنا.

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە لە دوای جیاكردنەوەی 99.9% دەنگەكان، دەركەوت رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی گشتی 54.35% بووە و 10.904.637 ملیۆن دەنگدەر دەنگیان داوە لە كۆی 20.063.773 ملیۆن دەنگدەر كە مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتی هەبوو.

روونی كردەوە، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نەینەوا زیاترین رێژەی بەشداریكردنیان هەبوو، لە دهۆك گەیشتە 76.07% و لە هەولێر گەیشتە 69.02% و لە نەینەواش 64.07%، لە سلێمانیش 64.12% و لە هەڵەبجەش 56.87%، لەوكاتەی رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت 82.52% بوو و 1.084.289 ملیۆن كەس دەنگیان دا لە كۆی 1.313.980 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبوو.














وشە - مه‌حموود ئیسماعیل