جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی رای گەیاند، لە یەكەمین پەرەگرافی سەرەتاداین و هیچ پێشكەوتنێك بەدەست نەهاتووە.
جەنگیز چاندار قسەی بۆ میدیای نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان كرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا گوتی: "تەنانەت لە یەكەمین پەرەگرافی سەرەتاداین. بە بۆچوونی من هێشتا لە سەرەتاشدا هیچ پێشكەوتنێك بەدەست نەهاتووە".
ئاماژەی بەوەش دا، "لە هەمان كاتدا لێدوانەكانی هەریەك لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، فەتی یڵدز كە عەقڵی یاسایی پارتەكەیەتی و ئەندامی لیژنەیە، وایكرد بڕوا بكەین كە لە سەرەتای قۆناغێكی نوێداین، بەڵام بەشێوەیەكی كردەیی هێشتا هیچ شتێك لە ئارادا نییە".
پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی ئاماژەی بە گوتەكانی دوڕان كاڵكان بەرپرسی باڵای پەكەكە كرد و گوتی: "گوتەكانی دوڕان كاڵكان زۆر رەخنەئامێز بوون، بەڵام لە هەمان كاتدا دەڵێت، "چووینەتە قۆناغی دووەمەوە. بە وردی خوێندمەوە، چونكە هەوڵ دەدەم تێبگەم مەبەست لەو قۆناغی دووەمە چییە. بەو شێوەیەی لێی تێگەیشتم، بزووتنەوەی كورد ئەوەی كە پێویست بوو كردی، ئێستە تۆپەكە لای دەوڵەتە. چاوەڕێی هەنگاوێك لەوێوە دەكرێت، بەڵام ئەمە هێشتا رووی نەداوە. ئەگەر دەپرسن "بۆچی؟" راستییەكەی منیش هەمان پرسیار دەكەم. لە كاتی گەڕان بەدوای وەڵام بۆ ئەم پرسیارەدا، دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی كە لایەنی دەوڵەت هێشتا لە هەندێك هەنگاو دوودڵە. راستییەكەی ناتوانم هۆكارەكانی ئەم دوودڵییە بە تەواوی دیاری بكەم."
چاندار دەڵێت، "كۆمسیۆنەكە هێشتا كاری سەرەكیی خۆی نەكردووە. سەرۆكی كۆمسیۆنەكە سەرۆكی پەرلەمان نوعمان كوڕتوڵموش، ماوەیەك پێش ئێستە لە ئامەد پێكەوە بووین، لەوێ ئەویش گوتی كە لەم پرۆسەیە ئاگادارە و كۆمسیۆنەكە بەمزووانە كارەكانی تەواو دەكات و هەنگاو دەنێت".
پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی گوتی، "ئەگەر ئەم پرۆسەیە گەشە بكات، دەبێت بەشی سەرەتایی لە كانوونی دووەم یان شوبات بگاتە پەرلەمان، بەڵام ئەمە توركیایە، بەبێ بینین بڕوا مەكە. بۆیە دەڵێم هێشتا لە یەكەمین پەرەگرافی سەرەتاداین، تەنانەت نەچووینەتە خوارەوەی لاپەڕەی سەرەتاش. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر دوران كاڵكان، دەستەواژەیەكی زۆر گرنگ هەیە كە دەڵێ: "رێگەیەكی تر نییە، دەبێت ئەم پرۆسەیە بگرینە ئەستۆ." بۆیە ئێستە جگە لەم پرۆسەیە، هیچ ئامراز و بەرنامەیەكمان بۆ چارەسەری پرسی كورد نییە".