ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە 11ی ئەم مانگە هاتە سازكردن رانەگەیەنراوە و چەند قۆناغێكی ماوە، بەڵام لە ئێستەوە و لەسەر بنەمای ئەنجامە سەرەتاییەكان و پێشبینی بەركەوتەی هەر قەوارەیەك، ئەوان دەستیان بە جموجۆڵ كردووە، بەپێی وادە دەستوورییەكان دەبێت هەرسێ سەرۆكایەتی دیاری بكرێن، ئەوەش پێویستی بە سازانە و كاتی پێویستە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كە زۆرینەی لە پەرلەمان مسۆگەر كردووە، هەوڵ دەدات زوو بگات بە سازانی پێكهاتەكانی و حكوومەت بە خێرایی پێك بێنێت، ئەگەرچی چەند كێشەیەكی هەیە، بەتایبەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی، كە لیستەكەی زیاترین كورسی لە هەڵبژاردن بەدەست هێنا و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی كۆبوونەوەیەكی ئێوارەی دوێنێی هێزەكانی چوارچێوە لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكات، ئەوان گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێك كردووە پێوەست بە هەڵبژاردنەكان و دابەشكردنی ئەرك و پۆستەكان بەپێی سەنگ و پێگەی هەڵبژاردن و سیاسی، ئەوان تاوتوێی پێكهێنانی حكوومەت و دیاریكردنی پێوەر و ناسنامەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقیان كردووە، جیا لە پێكهێنانی هاپەیمانیەتی بۆ ئەو مەبەستە.
روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێڵە گشتی و تایبەتەكانی پرۆسەی سیاسیان لە وڵات دیاری كرد، بەوەی نابێت لە وادە دەستوورییەكان تێپەڕ بكات و ئەوان سوورن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی، بۆیە بابەتی سەرۆكایەتیی حكوومەت بە زوویی یەكلا دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەنجامە سەرەتاییەكان سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزەكانی تریشی بەگشتی دەرخست.
سەرچاوەكە بەدووری نەزانی جارێكی تر سوودانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێ بدرێت، ئەگەر هێزەكانی تر لە دژی نەوەستنەوە وەك نووری مالیكی، زۆرینەی پێكهاتەكانی چوارچێوە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون جگە لە سوودانی، دووپاتی كردەوە كە ناسنامەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت.