سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕای گەیاند، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، لە سەعاتەكانی سەرەتای ئەمڕۆ هەینییەوە، بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕێوشوێنی تەناهی توندی گرتووەتە بەر.
بە گوتەی سەرچاوەکە، دەروازەی سەرەکیی بنکەکە بە تەواوی داخراوە و هەلیکۆپتەری جۆری ئەپاچی بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری سەردانێکی چاوەڕواننەکراوی کەسایەتییەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) یان یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بنکەکە هەیە.
ئەم جووڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە بنکەی عەین ئەسەد لەم دواییانەدا بووەتە خاڵێکی گرنگی پشتیوانیی لۆجستی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی لەناو عێراقدا.