سەرچاوە ئاگادارەکان لە کۆشکی سپی ڕایان گەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێشنیازی نوێی لە بەرپرسانی باڵای سەربازی وەرگرتووە کە بژاردەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا هێرشی زەمینی.
بەپێی سەرچاوەکان، وەزیری جەنگ پیت هیگسیس و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش دان کەین، لەگەڵ بەرپرسانی تر، وردەکاریی بژاردە سەربازییەکانیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو خستووەتە بەردەم ترەمپ. هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی دژ بە قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان دێت. هیگسیس لە لێدوانێکدا هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕای گەیاندووە "ئامۆژگاریم بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان ئەوەیە، ئەگەر ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە بۆ ژەهراویکردنی گەلی ئەمەریکا، دەتاندۆزینەوە و دەتانکوژین."
هاوکات، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیرالد فۆرد" گەیشتووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی باشووری ئەمەریکا و چووەتە پاڵ ژمارەیەک کەشتیی جەنگی و فڕۆکە و هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە پێشتر لە ناوچەکە جێگیر کراون.
جێی باسە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، سوپای ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر 21 بەلەم کە گوایە ماددەی هۆشبەریان گواستووەتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 80 قاچاخچی کوژراون.