لە ڕووداوێکی هاتووچۆی دەگمەن و پێکەنیناویدا لە حەویجە، شوفێرێک لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی مریشکێکی بچکۆلە نەشێلێت، کۆنترۆڵی لەدەست دا و خۆی کێشا بە پەرژینی ماڵێکدا، کە بووە هۆی زیانێکی زۆری مادی.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی ڕای گەیاند، شوفێرەکە بە خێراییەکی ئاسایی لێی دەخوڕی، کاتێک لەناکاو مریشکێک دێتە بەردەمی. شوفێرەکەش بۆ ئەوەی گیانی مریشکەکە بپارێزێت، سوکانەکەی بە خێرایی دەشکێنێتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و خۆی دەکێشێت بە پەرژینی ماڵێکدا.
ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی بۆ شوفێرەکە و خاوەن ماڵەکە نەبووە، بەڵام پێشەوەی سەیارەکە و پەرژینەکە زیانیان بەرکەوتووە.
سەیر و سەمەرە لەوەدایە، سەرەڕای هەموو هەوڵی شوفێرەکە بۆ پاراستنی، ئەو مریشکەی کە بووە هۆی هەموو کارەساتەکە، لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەست داوە.
ڕووداوەکە بووەتە جێی باسی پێکەنیناوی دانیشتووانی گوندەکە، پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و داواش دەکرێت چیتر ڕێگە نەدرێت مریشك لەناو کۆڵانەکاندا بەربەڵا بن.