رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاوى كردووه‌ته‌وه، به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه هه‌وڵ ده‌دات خۆى وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانى عێراق بناسێنێ، چوار لایه‌نى شیعه‌یش ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه بۆ جارێكى تر سوودانى ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 15ى تشرینى دووه‌م، رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاوى كردووه‌ته‌وه، جووڵه‌یه‌كى سیاسى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى خۆى وه‌ك فراكسیۆنى گه‌وره‌ى په‌رله‌مان بناسێنێ. چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه له زۆربه‌ى لایه‌نه شیعه‌كان پێكهاتووه، له دواى هه‌ڵبژاردنى 2021 وه‌ك به‌ره‌یه‌كى سیاسى ركابه‌ر له به‌رانبه‌ر ره‌وتى سه‌در پێكهات، به‌ڵام ئه‌مجاره ئه‌گه‌رى هه‌یه خۆى وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆن بناسێنێ.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات، قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، سه‌ردانى هه‌ریه‌كه له هادى عامرى و عه‌مار حه‌كیم و نوورى مالیكى كردووه، هه‌ر چواریان له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون ده‌رفه‌ت به سوودانى نه‌ده‌ن ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مه‌یش چانسى سوودانى كه‌م ده‌كاته‌وه.
له ساڵانى رابردوودا گه‌وره‌ترین فراكسیۆن مشتومڕى دروست كردبوو، هه‌ندێك له لایه‌نه‌كان ده‌یانگوت گه‌وره‌ترین فراكسیۆن ئه‌وه‌یه كه به‌گوێره‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن، زۆرترین كورسى به‌ده‌ست هێناوه، كه‌چى هه‌ندێك لایه‌نى تر پێیان وایه گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى له هاوپه‌یمانى نێوان لایه‌نه‌كان دواى سوێندخواردن له ناو په‌رله‌مان پێكده‌هێنرێت.