بەرپرسانی ئەمەریكا تاوتوێی هێرشكردنە سەر ڤێنزوێلایان كردووە

:: PM:05:45:15/11/2025 ‌

ماوەیەكە راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەگەری هەڵمەتێكی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر ڤێنزوێلا دەكەن، هەفتەی رابردوو بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سێ كۆبوونەوەیان لە كۆشكی سپی كردووە و تاوتوێی بژارە سەربازییەكانیان لەو وڵاتە كردووە، لە سایەی زیادبوونی هەڕەشەكان و هێزی سەربازیی ئەمەریكا لە دەریای كاریبی.

لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمەریكا بەوەی ڤێنزوێلا و رژێمی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن و مەترسین لەسەر ناوچەكە، هێزێكی زۆری سەربازیی ئەمەریكی لە دەریای كاریبی لە نزیك كەناراوەكانی ڤێنزوێلا جێگیر كراون، ماوەی دوو مانگیشە ئەمەریكا بە كردەنی بەلەم و كەشتیی قاچاغچیانی مادەی هۆشبەر لە دەریاكە و لە كەناراوەكانی ئەو وڵاتە بۆردمان دەكات.  

پێش ماوەیەك ئەمەریكا گرووپی فڕۆكەهەڵگری جیراڵد فۆردی رەوانەی ئەو ناوچەیە كرد، كە زیاتر لە 75 فڕۆكەی سەربازی لەگەڵە، جیا لە پێنج هەزار سەربازی، هەر دوێنێ ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەگەری بڕیارێكی نزیكی بۆ دەست پێكردنی هەڵمەتێكی سەربازی لە دژی ڤێنزوێلا كرد و دەسەڵاتەكەی بە بازرگانیی ناشەرعیی مادەی هۆشبەری بەستەوە و گوتی، ناتوانم پێتان بڵێم لەبارەی ڤێنزوێلاوە چی دەبێت، بەڵام تا ئاستێك خۆم یەكلا كردووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل