بارەگەیەكی حزبی تەقەدوم لە دووبز هاتە داخستن

:: PM:10:55:15/11/2025 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو بارەگەی حزبی تەقەدووم لە شارۆكەی دووبز لە باكوری رۆژئاوای كەركووك لە لایەن هێزە تەناهییەكانەوە داخرا، ئەوەش دوای ئەوەی پاسەوانەكانی كاندیدێكی ئەو حزبە هەڵیان كوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەك و تەقەیان لێ كرد.

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان ئەمڕۆ ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی موهەیمن حەمدانی كاندیدی دەرچووی حزبی تەقەدوم چوونە سەر ماڵی هاووڵاتییەك لە شارۆكەی دبس لە كەركووك و دەستدرێژییان كردە سەر دانیشتووانی ماڵەكە، ئەوەش ئاڵۆزی لەو شارۆكەیە دروست كرد و وای كرد هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ناوچەكە بدەن.

دوای رووداوەكە فەرمانی گرتن بۆ پاسەوانێكی حەمدانی دەرچوو و سوپای عێراق گەمارۆی ماڵی حەمدانیان دا و داوای رادەستكردنی پاسەوانەكەیان كردووە، وەك لە سۆشیال میدیاش بڵاو بووەتەوە حەمدانی خۆی لە هێرشكردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەكە بەشدار بووە و هۆكارەكەش لەسەر كۆمێنت بووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل