بۆچی تەقەدوم و حەلبووسی كەوتوونەتە دژایەتیی كورد و رۆژانە هێرش دەكەن و هەرچییەكیان لە دەست بێت دژی كورد ئەنجامی دەدەن.
سوننەكان لە دوای ئازادیی عێراق بەردەوام بەدەست شیعەوە چەوسێنراونەتەوە، شارەكانیان وێران كرا، میلیشیا چواردەوری گرتوون و هەناسەی لەبەر بڕیون.
بەپێی ئامارەكان لە دوای ئازادیی عێراقەوە سوننەكان لە ژێر ناوی بەعسی، قاعیدە و داعش، هەزاران كەسیان لەلایەن شیعەكانەوە لێ كوژراوە و هەزارانیشیان لە گرتووخانەكاندان، بەسەتانیشیان تا ئێستە بێ سەروشوێنن.
لەم چەند ساڵەدا بەپشتگیریی كورد و وڵاتانی كەنداو، سوننەكان ئەو ستەمەیان لەسەر كەم كرایەوە دەرفەتیان پێدان وەك گرووپێكی مەزەوی كاروباری خۆیان بكەن، بەڵام بەشێك لەو هێزانە لەگەڵ یەكەمین دەرفەتیاندا چوونە پاڵ میلیشیاكان و لەو هەموو ستەم و چەوساندنەوەیە بێدەنگ بوون.
لەم دۆخەدا حەلبووسی وەك سیاسییەكی گەنج هاتە پێشەوە و سەرەتا بەهاوكاری كوردستان، بووە ژمارەیەكی دیار لەناو هێزە سوننەكان و ئێستە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق، كەسی یەكەم و تەقەدومیش هێزی یەكەمی سوننەكانە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی چاودێرانە، سوننە چ كێشەیەكی لەگەڵ كورددا هەیە وا حەلبووسی و تەقەدوم وەك دوژمنی سەرسەخت و پلەیەك مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات، خۆ كورد هیچ كاتێك ستەمی لە سوننە نەكردووە، بەڵكو ئەوە سوننە بوو لەم 100 ساڵەدا لە ژێر ناوی جیادا بوونە هۆی وێرانكردن و كوشتنی سەتان هەزار كورد لە عێراقدا.
بەبۆچوونی چاودێران هێزەكەی حەلبووسی، خۆی وەك دوژمنی سەرسەختی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان دەبینێت و بەردەوام لە هەوڵی هێنانی سەتان خێزانە لە ناوچە سوننەكانەوە كە بەفشاری میلیشیاكان وەدەردەنرێن لەسەر موڵك و خاكی كورد نیشتەجێیان دەكەن.
ئێستە گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی هێزەكەی حەلبووسی رۆژانە پەلاماری كورد و ئەو كەسانەش بدات كە نزیكن لە كوردەوە، لێدوانەكانیان لە میدیاكان بۆنی دوژمنایەتی و كێشەی نوێی تایفیی لێ دێت، لە كاتێكدا ئەوان لەلایەن شیعەوە دەچەوسێنرێنەوە و لە زێدی خۆیان دەریان دەكەن، بەڵام شەڕەكەیان كردووە بەڕیشی كوردەوە.
ئێستە حەلبووسی بووەتە دیارترین سیاسیی سوننە كە بەپشتی میلیشیاكان بۆ دژی كورد هان دەدرێت و رۆژانە لێدوانی دوژمنانە دەدات.