11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامە سەرەتاییەكان راگەیەندران، بڕیارە دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان ئەم هەفتەیە ئەنجامەكان بەفەرمی بێنە راگەیاندن، سەركردەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەستی پێ كردووە.
عەلی سابر كنانی سەرۆكی لیستی "ئیبشر یا عێراق"، سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و براوە لە هەڵبژاردنەكە گوتی، بەر لە چەند رۆژێك گفتوگۆی نێوان سەرۆك حزبە براوەكان بە كردەنی دەستی پێ كراوە، ئەو جموجۆڵەش دوای داواكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە حزبە سیاسییەكان بە پەلەكردن لە لێكگەیشتن بۆ پێكهێنانی هەردوو دەیەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنی نوێ لە وادە دیاریكراوە دەستوورییەكان دەستی پێ كرد.
روونی كردەوە، دوای پەسندكردنی كۆتایی لەسەر ناوی پەرلەمانتارانی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران شێوەی پێكهاتنی حكوومەت ئاشكرا دەبێت، ئێمە وەك پەرلەمانتارانی نوێ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان دەخەینە سەرووی هەموو شتێكی ترەوە و گفتوگۆ و هاریكاری لە نێوان هێزە سیاسییەكان دەكەینە خاڵی لەپێشینە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
شایەنی باسە دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە تا ئێستە 102 سكاڵا لەسەر دەنگدانی تایبەت و گشتی تۆمار كراوەن كە زۆرینەی سكاڵای زەردن و ئەنجامەكان ناگۆڕن، هاوكات ئەمشەو یان سبەی شەو ئەنجامی كۆتایی دەنگدان رادەگەیەنرێت و قۆناغی تانەدان دەست پێ دەكات.