هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، هێزە براوەكانی شیعە دەستیان بە جموجۆڵ كردووە، ئەوان بوونەتە دوو بەش و كێبەركێی پێكهێنانی بارستەی گەورەترینی پێكهێنەری حكوومەتی نوێ دەكەن، بۆیەش چوارچێوە روو لە موقتەدا سەدر دەكات و سوودانیش روو لە هەولێر.
بەپێی سەرچاوەكان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی لیستی ئیعمار و تەنمییە و سەرۆك وەزیرانی عێراق و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سەردانی هەولێر و دهۆك دەكات و چاوی بە بەرپرسانی باڵای كورد دەكەوێت، شارەزایانیش بە هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی كورد بۆ وەرگرتنەوەی دووەم ماوەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی دەبەستنەوە، كە ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوونەتە دوو بەش و كێشەیەكی گەورە لەوبارەوە سەری هەڵداوە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە هێزەكانی چوارچێوەكە وا رێككەوتوون نوێنەرێك دیاری بكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە و ئاگەداركردنەوەی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی گەورەترین بارستە و حكوومەتی نوێی عێراق، هاوكات بۆ زانینی هەڵوێستی ئەو و داواكارییەكانی بۆ قۆناغی داهاتوو.
بەپێی سەرچاوەكە ئەو نوێنەری چوارچێوە لای تەواوی هێزەكانی چوارچێوە و سەدریش قبووڵ كراوە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی مۆتایی دەنگدان و پەسندكردنی بەفەرمی دەچێتە حەنانە لە نەجەف بۆ دیداری سەدر.