مامۆستایانی عێراق هەڕەشەی خۆپێشاندانی فرەوان دەكەن

:: PM:07:10:16/11/2025 ‌

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تانەی لە بڕگەی سێی مادەی چواری یەكەم هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەی ژمارە 22ی ساڵی 2011 دا، كە باسی دووهێندكردنی دەرماڵەی پیشەیی مامۆستا و پەوەردەكاران دەكات، سەندیكای مامۆستایان هەڕەشەی ناڕەزایەتیی فرەوان و خۆپێشاندان دەكات.

پەرلەمانی عێراق لە 25ی ئابی رابردوو پڕۆژەیاسای یەكەم هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەی ژمارە 22ی ساڵی 2011ی پەسند كرد، تیایدا چەند مافی و شایستەی زیاتری بە مامۆستا و پەروەردەكاران بەخشی، لەوانە زیادكردنی حسێبكردنی خزمەتی مامۆستایانی گوند و ناوچە دوورەدەستەكان و زیادكردنی دەرماڵەی پیشەیی و پێدانی پارچە زەوی و هیتریش. 

ئەمڕۆ یەكشەم سەندیكای مامۆستایان عێراق رای گەیاند كە تانەدانی وەزارەتی دارایی بۆ هەموارەكە رەت دەكەنەوە، كە بەم دواییە دوو نووسراو لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەرچووە و یەكێكیان تانە لە پەسندكردنی یاساكە لە پەرلەمان دەدات و دووەمیش باسی بێتوانایی لە دابینكردنی مووچەی گرێبەستەكان دەكات. 

ئەنجوومەنی ناوەندیی سەندیكای مامۆستایان لە بەیاننامەكەیان رای گەیاند، رەتكردنەوەی ئەو بڕگە لە لایەن وەزارەتی دارایی راستەوخۆ لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان، هەنگاوێكە زۆر گومان دروست دەكات، ئاماژە بۆ بوونی نیازێك بۆ شاردنەوەی ئەو بابەتە پێش هەڵبژاردن بۆ سوووەرگرتن و بەكارهێنانی توێژی مامۆستایان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردن، ئەوەش سووكایەتییەكی ئاشكرایە بە ماف و چارەنووسی ئەوان.  

سەندیكای مامۆستایان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد لە دانیشتنی سێشەمی داهاتوو تانەكەی وەزارەتی دارایی لە دژی ئەو مادەی یاساكە رەت بكاتەوە و بیخاتە سەر بودجەی 2026، لەگەڵ خەرجكردنی تەواوی شایستە داراییەكانی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەوانە دەست پێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە و جێگیركردنی گرێبەستەكان و دابینكردنی پارە بۆ خەرجكردنی مووچەیان بێ دواكەوتن و جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 271ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 2025 بە تەواوەتی، ئەگینا چوارشەمی داهاتوو لە تەواوی پارێزگاكان دەست بە خۆپێشاندان دەكرێت و پێنجشەمیش لەناو قوتابخانەكان مانگرتن دەبێت و یەكشەمی داهاتووش خۆپێشاندانی سەرانسەری دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل