ئیسرائیل هێرشی گرتنەوەی غەزە دەكات

:: PM:08:20:16/11/2025 ‌

بڕیارە سبەی دووشەم ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی ئەمەریكا بدات كە پاڵپشتی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاشتی لە غەزە دەكات، پێشتر ئیسرائیل باسی جێبەجێكردنی پلانێكی سەربازی كرد لە حاڵەتی تێپەڕ نەكردنی پڕۆەكەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە سوپای وڵاتەكەی خۆی بۆ هێرشێكی فرەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی نوێ لە غەزە ساز دەكات.

زامیر روونی كردەوە، ئێستە سوپای ئیسرائیل كۆنترۆڵی زیاتر لە 50%ی كەرتی غەزە دەكات، بێ كۆنترۆڵكردنی دانیشتووانی، ئامادەسازی بۆ هێرشێكی بەپەلە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی نوێ دەكات، واتە لە دەرەوەی هێڵی زەرد كە ئێستە كۆنترۆڵی دەكات.

روونی كردەوە، هاوكات لەگەڵ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئێستە و ئەگەر پێویست بكات دەبێت خۆمان بۆ هێرشێكی فرەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی نوێ لە غەزە ئامادە بكەین، جیا لەوەی ئێستە لە ناوچەی زەرد لە دژی حەماس ئەنجامی دەدەین.

بڕیارە دووشەمی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی ئەمەریكا بدات كە پاڵپشتی لە پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی غەزە دەكات و هەریەك لە ئەمەریكا و قەتەر و میسر و توركیا سعوودیە و پاكستان و ئوردن و ئیمارات و ئیندۆنۆسیا پاڵپشتی لێ دەكەن، كە بەپەلە دەسەڵاتی پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ غەزە فەراهەم دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل